رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی لە لاپەرەی یەکەمی ژمارەی ئەمڕۆیدا، 4ی حوزەیرانی 2023، بابەتێکی لەبارەى پرسی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بڵاوکردووەتەوە لەژێر ناونیشانی “دوای رێککەوتن لەگەڵ کورد پەسەندکردنی بودجە نزیکە”.
رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقیەوە دەڵێت، رێککەوتنێکی سیاسی نهێنی لەگەڵ کورد کراوە و پەسەندکردنی بودجەش نزیکە.
شەرقولئەوسەت دەڵێت، داواکاری کورد جێبەجێدەکرێت و پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتەوە سەر شێوە دارشتنەکەی سەرەتای و پێش دەستکاریکردنی لەلایەن لیژنەی دارایی، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسی نهێنی کە “چوارچێوەی هەماهەنگی” جێبەجێی دەکات.
رۆژنامەکە دەڵێت هەندێک پرسیاری هونەری و سیاسی لەلایەن نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بووەتە هۆی کێشە و ناکۆکی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەگوێرەى سەرچاوەکانی شەرقولئەوسەت، مالکی ناڕەزایی هەبووە لەسەر شێواز و پێدانی پشكی هەرێمی کوردستان.
مالکی ترسی هەیە و پێی وایە بودجە دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر بەدەست سودانیەوە، کە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی عێراق بەکاریدەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ.