زووم، یونسێف
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوى یونسێفى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، منداڵان روبەڕووی ترس و تۆقانێک دەبنەوە کە لە باسکردن نایەن. بەهۆی پێکدادانەکانەوە، منداڵان لە خەوتن لەنێو ماڵاکانیاندا، لە یاریکردن لە کۆڵانەکاندا، لە فێربوون لە قوتابخانەکاندا و لە وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکانیشدا هەست بە سەلامەتی و پارێزراویی ناکەن.
لە کوشتن، کەمئەندامکردن، رفاندن و توندوتیژی سێکسییەوە، تاوەکو دەگاتە هێرشکردنە سەر پەروەردە و دامەزراوە تەندروستییەکان و رەتکردنەوەی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە زۆر پێویستیان پێیەتی، منداڵان بە قەبارەیەکی سەرسوڕهێنەر کەوتونەتە بەر چەقۆی لایەنە شەڕکەرەکان.
4ى حوزەیران، رۆژى جیهانیی منداڵانى بێتاوان و قوربانى دەستدرێژییە، یونسێف لەم بەم بۆنەیەوە راپۆرتەکەى بڵاوکردووەتەوە و لە چەندین داتا و ئامار دەکات، کە لە ساڵی 2005ەوە تۆمارکراون و لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی “25 ساڵی منداڵان و پێکدادانی چەکداریی” بڵاویکردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، زیاتر 104 هەزار منداڵ لەو ماوەیەدا کوژراون و کەمئەندام بوون، کە زیاتر لە دوو لەسەر سێیان لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2020 بووە. بەشێوەیەکی رێژەیی لە هەر ساڵێکدا زیاتر لە 10 هەزار منداڵ کوژراوە یان کەمئەندام بووە.
راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات زیاتر لە 93 هەزار منداڵ لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە وەک سەرباز دامەزرێندراون. نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لەنێوان ساڵانی 2016دا بۆ 2020، ساڵانە 8756 منداڵ لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە خراونەتە بەرەکانی جەنگەوە.
لەبارەی رفاندنیشیەوە، یونسێف رایگەیاندووە، لەماوەی ئەم 25 ساڵەدا 25 هەزار و 700 منداڵ رفێندراون، کە دوو لەسەر سێی ئەم رێژەیە لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا بووە و زۆرترینیش لە ساڵی 2020دا بووە کە 3 هەزار و 202 منداڵ تێیدا رفێندراون. لەم رێژەیەش لە چوار بەش، سیانیان کوڕان بوون و ئەو بەشەی دیکەش کە كچانن و بەمەبەستی توندوتیژی سێکسی و خراپ بەکارهێنانیان بووە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە لەو ماوەیەدا، 14 هەزار و 200 منداڵ روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسیی بوونەتەوە، کە ساڵانە دەکات 890 منداڵ. بەرزترین رێژەی دەستدرێژییەکانیش لە ساڵی 2020دا تۆمارکراوە کە 1268 کەیس بووە.
راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە لەو ماوەیەدا 14 هەزار و 900 منداڵ لە پێداویستییە مرۆییە سەرەتاییەکان بێبەش بوون و بەهۆی رێگرییەوە هاوکارییەکانیان پێنەگەیشتووە. پێنج ساڵی رابردووش بۆ ئەم حاڵەتانە خراپترین دۆخیان هەبووە.
لەبارەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیشەوە، لەماوەی ئەم 25 ساڵەی رابردوودا زیاتر لە 13 هەزار و 900 باڵەخانەی پەروەردەیی و تەندروستیی روخاون و زۆرترینیان لە ساڵانی نێوان 2016 بۆ 2020دا بووە.