زووم، سەباح:
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی پەرلەمانی کوردستان مشتومڕێکی سیاسیی تازەی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، پارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ماوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بەسەر نەچووە، بەشێک لەلایەنەکانیش سوورن لەسەرئەوەی پاش بڕیارەکەی دادگا ئیدی حکومەت بووەتە “کاربەڕێکەر”.
هەربۆیە ئەو لایەنانە داوادەکەن پەلەبکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەژێر سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی عێراقدا.
تاوەکو ئێستایش زۆرینەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدان، تۆمارەکانی دەنگدان تازەبکرێنەوە، یاخود پشت بە داتاکانی کۆمسیۆنی عێراق ببەسترێت، تاوەکو رێگە بگیرێت لە ساختەکاری و یاریکردن بە ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان.
یوسف زۆزانی کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی “حکومەتی هەرێم بووەتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر”، بۆیە پێویستە لەوە بکۆڵرێتەوە کە ئایا دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر چین و تاوەکو چەند توانای بڕیاردانی هەیە.
بەپێچەوانەوە، سەعد هەمەوەندی راوێژکاری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ سەباح، دەڵێت حکومەتی هەرێم نەبووەتە کاربەڕێکەر. ئەو دەڵێت، ئێمە یەکەم لایەن بووین کە سوور بووین لەسەر ئەوەی بەزووترین کات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
ئەم ناکۆکییە لە لێدوانەکانی دوو بەرپرسەکەی یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە، یەکێتی کۆتایی بە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران هێناوە، پاش زیاتر لە شەش مانگیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی ئاسایی بوونەتەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکی پارتی دەڵێت، هەمووان دەزانن دادگای فیدراڵی چۆن بڕیارەکانی دەردەکات، ئەمە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت.
راوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی یەکێتی، جەختدەکاتەوە کە پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی حکومەتی هەرێم چووەتە قۆناغی کاربەڕێکەرەوە.
لەبارەی کاریگەریی بڕیارەکەی دادگا بۆ سەر پەرلەمان، مەحمود خۆشناو راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمان بە سەباحی گوتووە، بڕیارەکە گشتگیر نییە و تەنها لەبارەی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمەوە بووە، بۆیە پەرلەمان هەر هەیە و دەشمێنێتەوە.
حاکم لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاسایی، روونیدەکاتەوە کە لە سێ حاڵەتدا حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر، حاڵەتی یەکەم ئەوکاتەیە کە ویلایەتی پەرلەمان کۆتایی دێت “تاوەکو ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت، حکومەتی پێشوو دەبێتە کاربەڕێکەر”.
حاڵەتی دووەمیش ئەوکاتەیە کە پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە، جا هەڵوەشاندنەوەکە بەر لە کۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی بێت، یاخود بە بڕیارێک بێت لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە.
حاڵەتی سێیەمیش سەندنەوەی متمانەیە لە پەرلەمان، کە دەستبەجێ حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر.
حاکم لەتیف مستەفا دەڵێت، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییش یەکێکە لەو حاڵەتانە.
هاوکات هۆشیار مالۆ پسپۆڕی یاسایی حکومەتی ئێستای هەرێم بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر دادەنێت و دەڵێت، ئەو پەرلەمانەی کە بۆ چوار ساڵ متمانەی بە حکومەت داوە ئێستا خۆی ماوەکەی کۆتایی هاتووە، واتە هیچ شەرعییەتێکی لەلایەن خەڵکەوە نەماوە.