درەنگانێکی شەوی رابردوو بوو، کە نووسراوەکەی سودانی بۆ پەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە
سودانی لە کڵێشەی نوسراوەکە و لە ناوەرۆکە یەک پەرەگرافییەکەیدا، سێ هەڵەی زەقی کردبوو، هەربۆیە دەستبەجێ لەلایەن پەرلەمانەوە داواکارییەکەی رەتکرایەوە
سودانی داوایکردبوو پەرلەمان رۆژی پێنجشەممە بۆ دەنگدان بە کابینەکەی کۆببێتەوە، لەکاتێکدا ئەمە هەڵەیەکی یاساییە، وەکو نوسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەڵامیداوەتەوە، دیاریکردنی رۆژی کۆبوونەوە تەنها لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە، نەوەکو کەسی دیکە
هەڵەی دووەمی سودانی نەناردنی کارنامەی کابینەکەی بوو، نوسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵای جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ سودانیی رونکردوەتەوە کە پێویستە بەر لەهەر داواکارییەکی لەو شێوەیە، سەرەتا کارنامەی حکومەتەکەی بۆ پەرلەمان بنێرێت، تاوەکو رەوانەی لیژنەی تایبەتمەند بکرێت
لە کڵێشەی نوسراوەکەی سودانی دا، لەلای دەستە راستەوە زمانی عەرەبی بەکارهێنراوە، لەلای دەستە چەپیش زمانی ئینگلیزی، وەکو ئەوەی زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی وڵات بێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە وەڵامی سودانیدا ئەم هەڵەیەی زەقکردوەتەوە و پێی گوتووە مادەی 4ی دەستوور فەرزی کردووە نوسراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەبێت بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی بن
ئەم هەڵە تەکنیکی و یاساییانە، سودانی ناچارکرد بە پەلە نوسراوێکی دیکە بۆ پەرلەمان بنێرێت و فەرزەکەی دەستوور جێبەجێبکات، کە بەکارهێنانی زمانی کوردییە
کار و کاردانەوەکان چەند خولەکێکیان نێوان بوو، ئەوکاتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان داواکارییەکەی سودانی رەتکردەوە، چەند خولەکێکی نەبرد سودانی نوسراوە نوێیەکەی بڵاوکردەوە، هەم زمانی کوردی بە کارهێنابوو، هەم کارنامەکەی ناردبوو، هەم پێنجشەممەکەشی سڕیبوەوە