زووم،ئاژانسەکان:
شەوی رابردوو لە خەرتومی پایتەختی سودان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوو لایەنی جەنگی سودان دەستیپێکردەوە و تا بەرەبایان بەردەوام بوو، ئەمەش دوای تێکچوونی گفتوگۆکانی جەددە کە مەبەست لێی وەستاندنی جەنگ و کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی بوو.
ئاژانسی “رۆیتەرز” لە زاری دانیشتووانی شاری خەرتوم و شاری “ئوم درمان”ی هاوسێی خەرتوم دەڵێت، سوپا دەستیکردووەتەوە بە هێرشە ئاسمانیەکان لەگەڵ بەکارهێنانی ژمارەیەکی زیاتری تۆپهاوێژ کاتێک بۆی دەرکەوتووە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە شەقامەکان و لەو خانووانە ناکشێنە کە دەستیان بەسەردا گرتووە.
شەهابەدین عەبدولرەحمانی 30 ساڵ دانیشتووی گەرەکێکە لە باشوری پایتەخت، بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەدەست جەنگەوە دەناڵێنین، لە بەیانیەوە دەنگی تۆقێنەر دەبیستین و لە کابوسدا دەژین.
تێکچوونی گفتوگۆکان
دوێنێ پێنجشەممە هەریەک لە سعودیە و ئەمریکا گفتوگۆکانیان هەڵپەسارد بەمەبەستی ئاگربەست لە سودان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەردوو لایەن پابەند نەبوون بە ئاگربەست.
سعودیە و ئەمریکا هەردوو لایەنی جەنگ تۆمەتباردەکەن بەوەی دەستیانکردووە بە داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و باڵەخانە و نەخۆشخانە هەروەها لەگەڵ بەردەوامی هێرشی ئاسمانی و زەمینی جوڵەی سەربازی.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمریکا سزای نوێی سەپاندووە بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی لەلایەن سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا خاوەندارێتی دەکرێن، وە ئەمریکا سزای رێکاری توندتر دەگرێتە بەر ئەگەر هەردوو لایەن بەردەوام بن لە تێکدانی وڵاتەکەیان.
باڵیۆزی سودان لە واشنتۆن، محەمەد عەبدوڵا ئیدریس دەڵێت، حکومەتی سودان و سوپا پابەند بوون بە ئاگربەست و گفتوگۆکانی جەددە، ئەگەر سزایەک هەبێت دەبێت بەسەر لایەنی بەرامبەردا بسەپێنرێت کە پابەند نەبوون بە واژۆی خۆیان “وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی پشتیوانی خێرا”.
هەردوولایەنی جەنگ یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پابەندنەبوون بە ئاگربەست، لە کاتێکدا هاوڵاتیانی پایتەخت لە ژێر رەحمی جەنگێکی ماڵوێرانکەرن.
جەنگە 7 هەفتەییەکەی سودان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە، هەروەها 400 هەزار کەس وڵاتیان جێهێشتووە و دەربازبوون بۆ وڵاتانی دیکە.