زووم، ئاژانسەکان
ئەنتۆنى بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، کات سەلماندی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکراین هەڵەیەکى ستراتیژییە و مۆسکۆ بەدەست کاردانەوەکانییەوە دەناڵێنێت.
ئەنتۆنى بڵینکن، چوونە شارى هێلسینکى فیلانداى دراوسێى روسیا، کە سەرەتاى مانگى نیسان بوو بە ئەندامى ناتۆ و گوتى، بۆ نیشاندانی پابەندبوونمان بە بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ، سزای بێ وێنەمان بەسەر روسیادا سەپاندووە.
بەگوتەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، سزاکانی سەر روسیا کاریگەری لەسەر توانا سەربازییەکانی وڵاتەکە داناوە و تێچووی شەڕەکە زیانی بە ئابورییەکەى گەیاندووە.
پوتین بەرەو سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندن هەنگاوی ناوە
روسیا لە شوباتى ساڵى رابردوودا هێرشى بۆسەر ئۆکراین دەستپێکرد، لەوکاتەوە جەنگ بەردەوامە، جەنگەکە وەک جەنگى بەرەى روسیا لەگەڵ بەرەى رۆژئاوا دەبینرێت؛ وڵاتانى رۆژئاوا بە دابینکردنى چەکە پێشکەوتووەکانیان بۆ ئۆکراین دەیانەوێت بەرگرى لە داگیرکردنى ئۆکراین لەلایەن روسیاوە بکەن، هەرچەندە بەشێکى خاکەکەى داگیرکردووە.
وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا دەڵێت، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا، بەرەو سیاسەتی “تیرۆر و تۆقاندن” هەنگاوی ناوە و سەدان هەزار کەسی ناچار کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
هێرشەکانى ئۆکراین بۆسەر ئۆکراین چووەتە قۆناغێکى دیکەوە، بەئامانجگرتنى کیێڤى پایتەختى ئۆکراین بووە بە ئامانجى سەرەکەى روسیا، بەگوێرەى ئیدارەى کیێڤ، تەنها لە مانگى ئایاردا روسیا 17 جار هێرشی درۆنى و موشەکى کردووەتە سەر شارەکە، دواینیان بەرەبەیانى ئەمڕۆ بوو، کە وەک سوپاى ئۆکراین دەڵێت، بەرگرى ئاسمانى وڵاتەکە 30 درۆن و موشەکى روسیایان تێکشاندووە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ، پارێزگارى دۆنتێسک رایگەیاند، بەهۆى بۆردومانى روسیا بۆسەر شارەکە سێ هاوڵاتى کوژران و 12ى دیکەش برینداربوون.