ئەمڕۆ سێ رۆژ بەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی تێدەپەڕێت کە ماوە درێژکراوەکەی پەرلەمانی کوردستانی بەنادەستووری ناساند، کاردانەوەکانی بڕیارەکە زۆربوون، بەڵام ئەوەی نەبیندراو نەبیسترا کاردانەوەی دامەزاوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، لەوانەش پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران.
بێدەنگیی ئەم سێ لایەنە رەنگە زیانیان پێبگەیەنێت، ئەوەتا سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە یەکێک بووە لەوانەی لەگەڵ نەوەی نوێ سکاڵایان تۆمارکردووە دەڵێت “باشترە پابەندی بڕیارەکە ببن”.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا هەردی عوسمان زوومی سلێمانی داوا لە یوسف محمەد دەکات روونتر قسەبکات لەبارەی ئەو مەترسییانەوە کە رەنگە رووبەڕووی قەوارەی هەرێم ببنەوە، یەگەر هاتوو پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ن
ئەوانەی وەکو مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم لێکدەدرێنەوە بریتین لە دەستکاریکردنی پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، مامەڵەکردنی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم، هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی پەرلەمان و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم.
هەر ئەمڕۆ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر پشکی پارتی، سەردانی سەرۆکی دادگای فیدڕالیی عێراقی کردووە، بەگوێرەی راگەیەنراوێکی دادگای فیدراڵی، لەگەڵ فوئاد حسێن باسی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنە دەستوورییەکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهانیان کردووە. بەڵام کاتێک زوومی سلێمانی لەوبارەیەوە پرسیاری لە یوسف محەمەد کرد، ئەو بابەتەکەی وەکو فشارێک باس کرد.
دادگاى فیدراڵىی عێراق جگە لە بڕیارەکەی سێشەممەی رابردوو، پێشتر چەندین بڕیاری دیکەی لەبارەى هەرێمەوە دەرکردووە. هەر لە بڕیاری نادەستووریی بوون و هەڵوەشاندنەوەى ریفراندۆمى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستانەوە، تاوەکو نادەستوورییبوونى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتن بە رەوانەکردنی پارە بۆ هەرێم.