نرخى دۆلار لە بازاڕەکانى دراو لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە مانگى ئایاردا تاڕادەیەک جێگیربوو، کەمتر بەرزونزمى بەدیدەکرا، بە بەردەوامى جیاوازى نرخى 100 دۆلار، لە بازاڕى ئازاددا 15 هەزار دینار زیاتربووە لەو نرخەى بانکى ناوەندى دەیفرۆشێت، ئەمە لەکاتێکدایە تێکڕای فرۆشى رۆژانە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار بووە، کە پێش سەرهەڵدانى قەیرانى دۆلاریش تێکڕای فرۆش بەوشێوەیە بووە.
بانکى ناوەندى عێراق، لە رۆژانى یەکشەممە بۆ پێنجشەممە دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، لێرەدا فرۆشى ئەم هەفتەى بانکى ناوەندى دەخەینەڕوو:
رۆژى یەکشممە؛ 259 ملیۆن دۆلارى خستووەتە بازاڕەوە.
دووشەممە 254 ملیۆن دۆلار.
سێشەممە 267 ملیۆن دۆلار.
چوارشەممە 250 ملیۆن دۆلار.
پێنجشەممە 240 ملیۆن دۆلار.
کۆى گشتى فرۆشى ئەم هەفتەیە دەکاتە یەک ملیار و 270 ملیۆن دۆلار. واتە تێکڕای رۆژانە 254 ملیۆن دۆلارە.
کۆى گشتى فرۆشى هەفتەى رابردووى بانکى ناوەندى یەک ملیار و 317 ملیۆن دۆلار بوو، واتە تێکڕای رۆژانە 263 ملیۆن دۆلار بوو، کەواتە فرۆشی ئەم هەفتەیەی بانکى ناوەندى 47 ملیۆن دۆلار کەمترە، هەر کەمبوونەوەیەکیش کاریگەرى لەسەر نرخەکەى بازاڕ دەبێت و ئەمڕۆ نرخى 100 دۆلار گەیشتەوە 147 هەزار دینار.