شەممەى داهاتوو رەجەت تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تازەى تورکیا کابینەی تازەى حکومەتەکەی رادەگەیەنێت، چاوەڕواندەکرێت وەزیرانى دەرەوە و ناوخۆ و بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بگۆڕێت.
دوای سەرکەوتنیی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، ئەردۆغان سەرقاڵی ئەوەیە کە کابینەی تازەى حکومەت پێکبهێنێت، بەگوێرەی زانیارى میدیاکانی تورکیا، کاتژمێر 10ی شەوی رۆژی شەممە، ئەردۆغان کابینەکەی رادەگەیەنێت.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامەی حوریەتی نزیک لە ئاکەپە، ئەردۆغان رۆژی شەممە کاتژمێر 2:00ى پاشنیوەڕۆ لە پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات و کاتژمێر 3:00 لەگەڵ سەرۆکانی پارتەکانی ئەندام لە هاوپەیمانی کۆماردا، لە ناوچەی بێشتەپەی ئەنقەرە سەردانی گۆڕی ئەتاتورک دەکەن.
رۆژنامەکە دەڵێت، ئەردۆغان کاتژمێر 5:00ى ئێوارە، چاوی بە میوانەکان دەکەوێت کە بۆ پیرۆزبایی سەردانی دەکەن و دواتر لە کۆشکی چانکایا لەگەڵ کابینە تازەکەى کۆدەبێتەوە و کاتژمێر 10:00 شەو کابینەکە رادەگەیەنێت.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامەکە، محەمەد شیمشەک، وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا، لە کابینە تازەکەدا یان دەکرێتە یاریدەدەری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ئابوری، یاخود جارێکی دیکە لە پۆستی وەزیری ئابوری دادەنرێتەوە. هەروەها باسی ئەوە دەکرێت لوتفو ئەلڤان دەکرێتە وەزیری بازرگانی و جەودەت یڵمازیش دەکرێتە وەزیری گەنجینە و دارایی.
عەبدولقادر سەلڤی کە رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی نزیک لە ئەردۆغانە بە رۆژنامەی حوریەتی گوتووە، ئەردۆغان بیر دەکاتەوە کە پۆستی وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیەکان بە مستەفا یڵماز یان ئاڵپارسلان بایراکتار بدات.
نورای باباجان نوسەری رۆژنامەی پەنجەرەش باسی لەوە کردووە یاشار گولەر سەرۆکئەرکانی سوپای تورکیا لە جێگەی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لە جێگەی مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوە و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لە جێگەی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ دادەنرێن، بەڵام بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی دیکە، هاکان فیدان لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە و عەلی یەرلیکایا سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەکرێتە وەزیری ناوخۆ.
لەلایەکی دیکەوە باسی ئەوە دەکرێت ئەردۆغان پۆستێکی وزاریش بە سینان ئۆغان دەدات کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بوو، بەڵام لە خولی دووەمدا پشتگیری لە ئەردۆغان کرد.
بەگوێری میدیاکانی تورکیا ئەگەری هەیە سینان ئۆغان بکرێتە وەزیری کۆچ و کارەساتە سروشتیەکان یان وەزیری گەنجان و وەرزش.
هەروەها باسی گۆڕینی فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستیش دەکرێت. دەگوترێت وەزیری تەندروستی بە سەرکان تۆپاڵئۆغلۆ پزیشکە تایبەتەکەی ئەردۆغان دەدرێت.