دوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا و بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان لەلایەن حیزبەکەی، نێچیرڤان بارزانی سێ جار و لە سێ کاتی جیاوازدا پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەکات.
دوای سێ رۆژ لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)لێکردووە.
ئەمە لە کاتێکدا بوو هێشتا ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار دەنگی پێویستی نەهێنابوو، هەڵبژاردنەکان چوونە خولی دووەم، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەو پەیوەندییەدا هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەردۆغان خواست لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا.
رۆژی 28ی ئایار خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەرێوەچوو، تیایدا رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردرا.
چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمیەکان، نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی تویتەرەوە و تەنها بە زمانی ئینگلیزی پەیامی پیرۆزبایی خۆی بڵاوکردەوە.
On behalf of the Kurdistan Region, I congratulate Mr. Recep Tayyip Erdogan on being re-elected as President of Türkiye. I look forward to continue working together to further advance the ties between the Kurdistan Region and Iraq with Türkiye.
— Nechirvan Barzani (@IKRPresident) May 28, 2023
نێچیرڤان گوتی، چاوەڕێی کاری زیاتری پێکەوەیین بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا.
ئەمشەو، 31ی ئایار بۆ جاری سێیەم نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کرد.
سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند نێچیرڤان بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامداوە و پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێکردووە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا.
جگە لە سەرۆکی هەرێم، هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی پیرۆزباییان لە ئەردۆغان کرد.