ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەکۆی دەنگ ئەرکە سیاسییەکانی خۆی لە عێراق بۆماوەى ساڵێکى دیکە درێژکردەوە و یۆنامیشى راسپارد پشتیوان و هاوکاریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات بۆ ئەنجامدانى هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکۆی دەنگى هەر 15 وڵاتە ئەندامەکەى ئەنجومەنى ئاسایش پەسەندکرا، بەگوێرەى بڕیارەکە کاری یۆنامی لە عێراق تا 31ی ئایاری 2024 درێژکرایەوە و جینین پلاسخارتیش تا ئەوکاتە لە پۆستى نوێنەری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەمێنێتەوە.
رۆڵی پلاسخارت لە عێراق تایبەتە بە راوێژکاریی، هاوکاریی و پشتیوانی لە حکومەتی عێراق و سەرەڕای ئەوەش، رۆڵی گرنگی هەیە لە بەرەوپێشبردنی دیالۆگی سیاسیی لەنێوان لایەنەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى ئاسایشدا داوا لە حکومەتی عێراق کرا کە کە بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و پرۆسەی چاکسازیی لە وڵاتەکەدا جێبەجێ بکات.
سەرەڕای ئەوەش، ئەنجومەنەکە پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دووپاتکردەوە و رایگەیاند کە هاوکاری حکومەتی نوێی عێراق دەبێت لە روبەرووبوونەوەی گروپە توندڕەوەکانی داعش و قاعیدەدا.
هەروەها ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پێشوازیی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردووە کە پاش ساڵێک لە گرژی و ئاڵۆزیی و نارەزایەتی سەرشەقام، بە سەرۆکایەتى محەمەد شیاع سودانى پێکهێنرا.
لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لەدوای کۆتایی هاتنی داعش، بەشێک لە شانە نوستووەکان تا ئێستاش وەکو مەترسی بۆسەر ناوچەکە ماونەتەوە، ئەنجومەنی ئاسایش لە بڕیارەکەیدا پشتیوانی لە سەقامگیریی عێراق دەکات و ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵەنگارییانەی لەبوارەدا روبەروی وڵاتەکە دەبنەوە.
عێراق تائێستاش بە ناوچەیەکى گەرمى ئەمنى دادەنرێت و بەگوێرەى ئامارێکى پەیمانگەى واتسۆن بۆ کاروبارى گشتى و نێودەوڵەتى لە زانکۆى براونى ئەمریکا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی عێراق لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2023دا نزیکەی 300 هەزار عێراقی و زیاتر لە 8 هەزار سەرباز، بەڵێندەر و هاوڵاتیی ئەمریکی کوژراون.
ئەنجومەنى ئاسایش لە کۆبوونەوەکەى رۆژى سێشەممەدا داواى لە حکومەتەکەی سودانی کرد کە جگە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازیی، داواشیکرد کە مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت، لێپرسینەوە لە پێشیلکاران بکات، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابینبکات، سەرچاوەی ئابوریی هەمەچەشن بکات، دەرفەتی کار بڕەخسێنێت، حوکمڕانی پەرەپێبدات، بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا ببێتەوە و کەرتی ئاسایشی وڵاتەکە بەهێزتر بکات.
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەریش جنین پلاسخارت، نوێنەری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بە ئەنجومەنەکەی راگەیاند کە 20 ساڵی رابردووى عێراق بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕی بەڵام حکومەتی نوێ رێگاچارەی چەندین کێشەیی هەنووکەییان نیشانداوە.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، “هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە حکومەت هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە لە دژی کاریگەرییە خراپەکانی گەندەڵیی کە دوو دەیەیە رەگی لە کایەکانی حکومەتدا داکوتاوە.