زووم، بی بی سی
کۆریای باکور رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی تەکنیکییتەوە مانگێکی دەستکردی تێکشكا و کەوتە نێو دەریاوە. دەشڵێت، بەمنزیکانە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی دانەیەکی دیکە دروستبکات.
پیۆنگیانگ پێشتر رایگەیاندبوو مانگە دەستکردەکە بەتایبەتی بۆ ئەوە هەڵدەدرێتە بۆشایی ئاسمان، تاوەکو بتوانێت چاودێریی جموجۆڵ و چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا بکات.
بەهۆی هەڵدانی مانگە دەستکردەکەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە زەنگی ئاگدارکردنەوە لە کۆریای باشور لێیدا و لە ژاپۆنیش بەهەماشێوە لە دورگەی ئۆکیناوای باشوری وڵاتەکە زەنگی مەترسی لێدرا.
بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەم دوو وڵاتە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دەنگی زەنگەکان خەبەریان بووەوە و بەشێکیشیان نامەی مۆبایلیان پێگەیشتووە، کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانیان. دواتر و پاش 20 خولەک ئاگادارکرانەوە نامەکەیان بە هەڵە ناردووە.
ناکۆکییەکانی ئەم ناوچەیەی ئاسیای رۆژهەڵات بۆ ماوەی 70 ساڵە بەردەوامە. بەڵام ئەم جۆرە ئاگادارکردنەوانە دەبێتە هۆی لاوازکردنی متمانەی هاوڵاتییان بە زەنگە مەترسیدارەکان.
کیم، ژنێکى تەمەن 33 ساڵە، لە سیئۆلی پایتەختی کۆریایی باشور دەژیت بە ماڵپەڕی بی بی سی گوت، “کە زەنگەکان لێیاندا و نامەکەم بۆهات زۆر ترسام و سەرجەم کەلوپەلە پێویستەکانم لە جانتایەکدا کۆکردەوە و خۆم بۆ راکردن ئامادەکرد.”
ئاماژەی بەوەشدا، “من هەرگیز پێم وانەبووە شەڕ رووبدات، بەڵام شەڕی ئۆکراین و روسیا وایان لێکردم پێم وابێت رۆژێک کۆریای باکور یان چین، کۆریای باشور داگیربکەن.”
سوپای کۆریای باشور رایگەیاند، پێدەچێت مانگە دەستکردەکەی کۆریای باکور لە ئاسماندا تەقیبێتەوە، چونکە لەسەرەتادا رادارەکانیان تێبینی هەڵدانەکەی کردووە بەڵام دواتر لە رادارەکاندا ونبووە. دواتریش وێنەی تێکشکانی مانگە دەستکردەکەیان بڵاوکردەوە کە کەوتووەتە نێو دەریاوە.
ئەمریکا هاوشانی کۆریای باشوور و ژاپۆن ئیدانەی هەڵدانی مانگە دەستکردەکەی کرد و بە “پێشێلکارییەکی بێشەرمانە”ـی چەندین بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ناوی هێنا.
ئادەم هۆدج، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت، “دەرگای دیبلۆماسی دانەخراوە، بەڵام دەبێت پیۆنگ یانگ دەستبەجێ کردەوە هاندەرەکانی رابگرێت و لەبری ئەوە رێگەی گفتوگۆکردن هەڵبژێرێت.”
پێشتر کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور، پەرەپێدانی مانگی دەستکردی سەربازی وەک بەشێکی سەرەکی لە بەرگری وڵاتەکەی ناوهێنا.
لیف ئێریک ئیسلی، پرفیسۆر لە زانکۆی ئێهوا لە سیئۆل دەڵێت، حکومەتی کۆریای باکور “خۆی لە پێشبڕکێیەکی ئاسمانییدا دەبینێت” و ئەم هەڵدانی مانگە دەستکردە سەرکەوتوو بوایە یان نا، دەبێتە پروپاگەندەیەکی سیاسی لەبارەی توانا ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە.