دواى زیاتر لە شەش مانگ و ئەنجامدانى نۆ دانیشتن، سەرەنجام دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا کە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان نادەستوورییە و هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەشى کە پەرلەمان لەو ماوەیەدا دەریکردون لە رووى دەستوورییەوە پوچەڵن.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگاى فیدراڵى عێراق بە سەرۆکایەتى دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکى دادگا، دانیشتنى نۆیەمى لەبارەى کەیسى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدا، لە دانیشتنەکەدا دادگا کۆتایی بە دادبینى هێنا و دوا بڕیارى خۆى دا کە ئەویش بە نادەستوورى ناساندنى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان بوو.
هەروەها دادگاى فیدراڵى بڕیارى دا بە پوچەڵبوونى هەموو ئەو بڕیار و یاسانەى کە لە دواى 6ى 11ى ساڵى رابردووەوە لە پەرلەمانى کوردستان دەرچوون.
لە دواى ئەو رێکەوتەوە پەرلەمانى کوردستان پێنج یاساى دەرکردووە کە ئەوانیش بریتى بوون لە یاساى پەروەردە وفێركردن، یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی وبێلانەکان، یاسای مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان هەموارى پیادەکردنى یاسای بەڕێوەبردنى ئەوقافى عێراقى، هەموارى یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێم. بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەمڕۆى دادگاى فیدراڵى عێراق سەرجەمى ئەو پێنج یاسایە بە پوچەڵ هەژماردەکرێن.
جگە لەو یاسایانە، پەرلەمانى کوردستان لە پاش درێژکردنەوەى تەمەنى خۆیەوە واتا لە دواى 6ى 11ى ساڵى رابردووەوە 10 بڕیارى دەرکردووە کە زۆرینەیان تایبەتبوون بە دەستلەکارکێشانەوە و سوێندخواردنى ئەندامانى پەرلەمان، هەروەها بڕیارێکیشى تایبەت بوو بە کاراکردنەوەى ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی.
ئەم بڕیارەى پەرلەمانى کوردستان بووە هۆى ئاڵۆزیی لە پەیوەندییەکانى یەکێتى و پارتى و لەکاتى دانیشتنى پەرلەماندا شەڕ و ئاڵۆزى لەنێوان فراکسیۆنى هەردوولا دروستبوو، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەمڕۆى دادگاى فیدراڵیی ئەو بڕیارەش بە هەڵوەشاوە و پوچەڵ هەژمار دەکرێت.
بڕیارەکەى ئەمڕۆى دادگاى فیدراڵى پاش ئەوە دێت، پەرلەمانی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا یاسایەکی دەرکرد و تەمەنی خۆی درێژکردەوە، ئەمە پاشئەوەی بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دواخرا.
ئەم درێژکردنەوەیە ناڕەزایی و کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەنجام لە دادگاى فیدراڵى چەند سکاڵایەک لە دژى ئەم درێژکردنەوەیە تۆمارکرا یەکێک لەو لایەنانەى کە پەناى بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی برد جوڵانەوەى نەوەى نوێ بوو.
جگە لە نەوەى نوێ، د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش سکاڵاى لە دژى درێژکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکردبوو، سکاڵاکارەکان پێیانوابوو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نا-دەستوورییە هەر وەک چۆن ئەمڕۆ دادگاى فیدراڵى پاڵپشتى لەوبۆچوونە کرد.
لە پاش تۆمارکردنى سکاڵاکان لەلایەن سەرۆکى پێشووى پەرلەمان و نەوەى نوێ-وە، دادگاى فیدراڵى لە سەرەتاى ئەمساڵەوە دەستى بە دانیشتنەکانى کرد لەسەر پرسەکە، چەندین دانیشتنی ئەنجامدا گوێی لە هەردوو لایەنی بەرامبەر گرت واتە سکاڵاکارەکان و نوێنەرى پەرلەمانى کوردستان.
لە پاش بڕیارەکەى ئەمڕۆى دادگاى فیدراڵى هێشتا روون نییە هەڵوێستى پەرلەمانى کوردستان و بەرپرسانى هەرێم چۆن دەبێت، رەنگە ئەم بڕیارە قەیرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان قوڵتر بکاتەوە، رەنگیشە ببێتە فریاد رەسێک بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە، بەتایبەت ئەگەر هەرێمى کوردستان بە بڕیارەکەوە پابەندبێت.
ئەگەر هەرێم بە بڕیارەکەوە پابەند بێت، ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە گوێرەی یاسا کۆنەکە دەبێت کە هەڵبژاردنەکانی 2018ی پێ ئەنجامدرا، هەروەها هەڵبژاردنەکە لەژێر سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا دەکرێت.
پشت بەستن بە یاسا کۆنەکەش لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەبێت، چونکە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێت بەبێ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بچێتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە بە تایبەت ئەو مادانەى تایبەتن بە یەک بازنەیی و کورسی کۆتاى پێکهاتەکان.