پاش چارەکە سەدەیەک، بڕیاربوو لە کۆتایی ئەمساڵدا سەرژمێریى گشتى دانیشتووان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەمڕۆ جارێکى دیکە دواخستنى پرۆسەکە راگەیەنرا، ئەمەش گورزێکى دیکەیە کە بەر هەرێمى کوردستان دەکەوێت بەوپێیەى پێشبینى دەکرا دواى ئەنجامدانى سەرژمێریی، پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق زیاد بکرێت.
ماھر حەمماد جوھان، بریکارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى دواخستنى پرۆسەکەى ئاشکراکرد و گوتى وەزارەت ناتوانێت سەرژمێریی گشتى دانیشتووان لە وادەى دیاریکراوى خۆى لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدات.
بریکارى وەزارەتى پلاندانان ھۆکاری دواخستنى پرۆسەکەى بۆ دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە و کەمی کات گەڕاندەوە.
جوھان ئاماژەى بەوەشدا وەزارەتى پلاندانان وادەیەکى نوێى بۆ ئەنجامدانى سەرژمێرى گشتى دیاریکردووە کە مانگى 10ى ساڵى 2024ە و هیوادارن پاش تەواوبوونى ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بتوانن لەو وادەیەدا پرۆسەکە ئەنجام بدەن، گوتیشى بەگوێرەى زانیارییە سەرەتاییەکان ژمارەى دانیشتووانى عێراق گەیشتووەتە 43 ملیۆن کەس.
دواخستنى پرۆسەى سەرژمێریى رەنگە بە پلەى یەکەم لە زیانى هەرێمى کوردستان بێت، چونکە لە پرۆژەیاساى بودجەى عێراق پشکى هەرێمى کوردستان بە لەسەدا 12 پۆینت 67 دیاریکراوە، بەڵام ئەم رێژەیە مشتومڕى لەسەرە و بەرپرسانى هەرێم دەڵێن ژمارەى دانیشتووانى هەرێم لەو رێژەیە زیاترە، تەنانەت وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە وەڵامى پرسیارى پەرلەمانتارانى کورد گوتویەتى ژمارەى دانیشتووانى هەرێم زیاتر لەسەدا 14ى کۆى دانیشتووانى عێراق پێکدەهێنێت.
فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق پێشتر چەند جارێک رایانگەیاندووە تا کاتى ئەنجامدانى سەرژمێریی گشتى بە رێژەى 12 پۆینت 67 بۆ پشکى هەرێم رازى بوون، بەڵام دواخستنى پرۆسەى سەرژمێریی وادەکات پشکى هەرێم هەر بەو رێژەیە بمێنێتەوە و بەمنزیکانە گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت.
هاوشێوەى زۆرینەى وڵاتانى جیهان دەبوو هەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێریی گشتى دانیشتووان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا هەشت جار ئەم پرۆسەیە بەڕێوەچووە، یەکەمینیان لە ساڵى 1927 و دوایینیان لە ساڵى 1997 بوو، واتە 26 ساڵ لەمەوبەر کە تەنها 15 پارێزگاى گرتەوە لەوکاتەدا پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەژێر دەستى رژێمى بەعسدا نەمابوون.
دەبوو ساڵى 2007 لە پاش رووخانى سەدام سەرژمێریی تازە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆى دۆخى ئەمنییەوە بۆ 2009 دواخرا، دواتر دە ساڵ بەسەریەکەوە دواخرا و خرایە 2019ەوە، پاشان ساڵێکى دیکە دواخراو خرایە 2020ەوە لەو ساڵەشدا بەهۆى سەرهەڵدانى کۆرۆنا ئەنجام نەدرا، دوایینجار بڕیاربوو لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، وا ئێستاش دواخراوە بۆ کۆتایی ساڵى داهاتوو دووریش نییە جارێکى دیکە دوانەخرێتەوە.
دواخستنى سەرژمێرى گشتى تەنها زیانى بۆ هەرێمى کوردستان نییە، بەڵکو زیانى بۆ هەموو عێراق هەیە، چونکە وەکو سەمیر حزر هادى بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى سەرژمێریی گشتى لە وەزارەتى پلاندانان دەڵێت، بەبێ بوونى داتابەیسێکى بەهێز وڵات بە رێگەیەکى تاریک و نارووندا دەڕوات.
هەروەها موحسین حەسەن کە توێژەرێکى عێراقییە دەڵێت، نەبوونى سەرژمێریی کاریگەرى نەرێنى لەسەر ئایندەى گەشەپێدان لە عێراق دەبێت و هەموو ئاماژەکان لەسەر بنەماى خەمڵاندن و پێشبینییە، هەر بۆیە زۆربەى پلانەکانى گەشەپێدان لە رابردوودا شکستیان هێناوە بەهۆى نەبوونى داتاى راست و دروست.
ئەو توێژەرە عێراقییە بە دوورى نازانێت ناکۆکى سیاسى لەپشت دواخستنى سەرژمێرییەوە بێت، چونکە وەکو ئەو دەڵێت کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونى پرۆسەى هەڵبژاردن و دابەشبوونى کورسییەکان دەبێت بەسەر پارێزگاکاندا، ئێستا کورسى پارێزگاکان لەسەر بنەماى پێشبینى دیاریکراوە نەک ژمارەیەکى دروست.
موحسین حەسەن دەڵێت، ئەنجامدانى سەرژمێریی گشتى رەنگە کاریگەریی لەسەر یەکلابوونەوەى ئەو ناکۆکییە مێژووییە هەبێت کە لەسەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەیە، هەربۆیە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان ترسیان هەیە لە ئەنجامدانى سەرژمێریی.
مادەى 140ى دەستوورى عێراق دەڵێت، لە پاش ئەنجامدانى سەرژمێرییەکى دروست بۆ دانیشتووانى ناوچە جێناکۆکەکان، راپرسى لەنێو دانیشتووانى ناوچەکە دەکرێت لەبارەى ئەوەى ئایا دەیانەوێت بچنە سەر هەرێمى کوردستان یاخود لەگەڵ بەغداد بمێننەوە.