زووم
سەلاحەدین دەمیرتاش وڵامی لایەنگرانی ئەردۆغانی دایەوە. ئەردۆغان ئەوکاتەى گوتاری سەرکەوتنى پێشکەشکرد دەمیرتاشی بە “تیرۆریست” ناوهێنا، لایەنگرانیشی دروشمی ‘لەسێدارەدانیان’ دەگوتەوە. لە وەڵامى ئەمەدا دەمیرتاش دەڵێت، “ئەردۆغان نەک خۆم، ناتوانێت چاکەتەکەشم هەڵواسێت”.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە)، کە حەوت ساڵە لە زینداندایە، لە تویتێکدا وڵامی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و لایەنگرانی دایەوە و نوسیویەتی، “پاشا پیرەکە لە باڵکۆنی کۆشکە گرانبەهاکەیدا، بە سەرکەوتنیکی ساختەی سەرخۆشەوە، درێژەی بە بوختان، هەڕەشە و سوکایەتیەکانی دەدات و گروپێکیش کە بە درۆکانی تووشی سەرلێشێواوی بوون، پێکەوە دروشمی “سێدارە” دەڵێنەوە. رووداوەکە فەرەنسای کۆن نییە، بەڵکو لە ئەنقەرەیە.”
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەڵێت، “هەرچەندە شایەنی ئەوە نین کە وڵامتان بدەمەوە، بەڵام ئێوە نەک خۆم، بەڵکو ناتوانن چاکەتەکەشم هەڵواسن. تەنیا ئەمە دەڵێم، من نەوەی سەلاحەدینی ئەیوبی گەورە فەرماندە کوردەکەم، کە قودسی رزگار کرد و ناوم لەوەوە وەرگرتووە. بەڵێن دەدەم، لە رۆژی خۆیدا، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەتان لەگەڵدا دەکەین.”
28ی ئایار دوای ئەوەی ئەنجامی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا کرا، ئەردۆغان لە سەرەتای وتاری گسەرکەوتنیدا رایگەیاند، کلچدارئۆغلۆ دەیگوت، سەلۆ (سەلاحەدین دەمیرتاش) ئازاد دەکەم، بەڵام گەلەکەمان رێگەی نەدا، کەسێک کە بووەتە هۆکاری کوشتنی 51 هاوڵاتی کورد لە زیندان ئازاد بکرێت و ئێمەش بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەمیرتاش ئازاد ببێت. گروپێک لە لایەنگرانی ئەردۆگان دروشمی ‘سێدارەیان’ دەگوتەوە، وەک ئاماژەی بۆ لەسێدارەدانی دەمیرتاش.