زووم، ئاژانسەکان
نەهەنگێکی جۆری بێلوگا، لە کەناراوەکانی سوید دەرکەوت و گومانی زۆر دەکرێت کە بۆکاری سیخوڕیی لەلایەن روسیاوە بەکاربهێندرێت، چونکە نەهەنگەکە پشتێنێک و ئامێرك بە سەرییەوە بەستراوەو چوارساڵ لەمەوبەر هەمان نەهەنگ لە نەرویج بیراوە.
بۆ یەکەمجار نەهەنگەکە لە ناوچەی جەمسەریی باکوری نەرویج دەرکەوت، کەسانی پسپۆڕی بایۆلۆجی دەریایی ئەو ئامێرەی بەسەری نەهەنگەکەوە بەسترابوو، لێکردەوە، کە لە کامێرایەک و پشتێنێک پێکهاتبوو و بە مادەیەکی پلاستیکی لەسەری نوسرابوو “ئامێری سانت پترسبۆرگ” کە ناوی شارێکە لە روسیا.
ئەوکات بەرپرسانی وڵاتەکە رایانگەیاند کە نەهەنگەکە زۆر هاوڕێی مرۆڤە و پێدەچیت لەلایەن هێزی دەریایی روسیاوە راهێنرابێت.
نەهەنگەکە دوای چوارساڵ لە سوید دەرکەوتەوە و رێکخراوی وەن وەیڵ دوێنی دووشەممە رایگەیاند، نەهەنگەکە سێ ساڵی خایاندووە تا لە نیوەی دووەمی بەشی سەرەوەی کەنارەکانی نەرویجەوە بۆ بەشی خوارەوەی وڵاتەکە بە هێواشی گەشت بکات و دواتر لەناکاو خێراییەکەی زیادیکردووە و رویکردووەتە کەناراوەکانی سوید.
زانایەکی بایۆلۆجی رێکخراوەکە بەناوی سێباستیان ستراند دەڵێت، “تا ئێستاش نازانین بۆچی لەناکاو خێرایی نەهەنگەکە زیادیکرد.”
نەهەنگەکە تەمەنی 13 بۆ 14 ساڵە و ئاژەڵێکی کێویی نییە، بەڵکو خۆی بەدوای خەڵکیی و ئەو بەلەمەدا دەروات کە لە دەریادا دەیانبینێت. نەهەنگەکە درێژییەکەی 6 مەترە و لەنێوان 40 بۆ 60 ساڵ دەژی. شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوچە بەستەڵەکییەکانی گرینلاند، باکوری نەرویج و روسیایە.
لەبارەی هەبوونی ئەو گومانانەی کە نەهەنگەکە لەلایەن روسیاو نێردرابێت تا ئێستا بەرپرسانی ئەو وڵاتە هیچ لێدوانێکیان نەداوە و دەنگۆکانیان رەتنەکردۆتەوە.