زووم:
رێکخراوێکى ناحکومى لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات داهاتى راستەقینەى دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان لە مانگێکدا 270 ملیار دینارە، بەڵام تەنها نیوەى ئەو داهاتە بۆ خەزێنەى حکومەتى هەرێم دەگەڕێتەوە و قەبارەی گەندەڵی و بەهەدەردان لە دەروازە سنورییەکانى هەرێم بە سەروو 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
رێکخراوى “ستۆپ” کە رێکخراوێکى ناحکومییە و بارەگاکەى لە شارى هەولێرە، بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکى کارەکانى دەکات، لە تازەترین راپۆرتیدا تیشک دەخاتە سەر کێشەی دەروازە سنورییەکانى هەرێم و لێکەوتەى لەسەر ئابوری و داهاتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، هەرێمى کوردستان خاوەنى 12 دەروازەى سنورییە، بەڵام تەنها شەش دەروازەیان دانیانپێدانراوە و ئەوانى دیکە بە فەرمى نەناسێنراون، لەبارەى داهاتى ئەو دەروازانە لە راپۆرتەکەدا هاتووە حکومەتى هەرێم لە ساڵى رابردوودا مانگانە 140 ملیار دینارى لە داهاتى دەروازە سنوورییەکان دەستکەوتووە کە بۆ تەواوى 12 مانگەکە دەکاتە “یەک ترلیۆن و 680 ملیار دینار”.
راپۆرتەکە ئاشکرایدەکات داهاتى دەروازە سنورییەکانى هەرێم لەو ژمارەى کە راگەیەنراوە زۆر زیاترە و بەهۆى گەندەڵى و بەهەدەردانەوە بەشێکى زۆرى داهاتەکانیان بۆ خەزێنەى گشتى حکومەتى هەرێم ناگەڕێتەوە. راپۆرتەکە قەبارەى گەندەڵى لە خاڵە سنورییەکان بە 100 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە، بەوپێیەش بێت داهاتى راستەقینەى دەروازە سنورییەکانى هەرێم نزیکەى دوو هێندەى ئەو ژمارەیەیە کە راگەیەنراوە واتە لە مانگێکدا 270 ملیار دینارە، بەڵام تەنها 140 ملیار دینارى بۆ وەزارەتى دارایی هەرێم دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى رێکخراوى ستۆپ، سەربارى ئەو گەندەڵى و بەهەدەردانە، بەڵام هێشتا داهاتى دەوازە سنورییەکان لەسەدا 35ى کۆى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان پێکدەهێنێت کە لە ساڵێکدا کۆى داهاتى نانەوتى هەرێم چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینارە.
راپۆرتەکە کێشە و گرفتى دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستانى بە چەند خاڵێک دەستنیشانکردووە کە دیارترینیان بریتییە لە قاچاخچیێتی و یەکلانەکردنەوەى دەروازە لاوەکییەکان، خراپی سیستم و نەبوونی رێنمایی و سیستمی ئەلیكترۆنی یەكگرتووى سەرتاسەرى، یەکلانەکردنەوەى پرسی لیخۆشبوون، بە تایبەتکردنى کارى دەروازەکان بۆ كۆمپانیاکان لەبەرامبەر کەرتى گشتی، مامەڵەى دوو زۆنی لەگەڵ دەروازە سنورییەکان.
قاچاخچێتى لە دەروازە سنورییەکانى هەرێم بابەتێکى تازە نییە و پێشتریش لە بەدواداچوونى میدیاکان و پەرلەمانتاراندا باسکراوە، راپۆرتەکەى رێکخراوى ستۆپ لەبارەى قاچاخچێتى دەڵێت، بەرپرسانى باڵا لە حکومەت و پەرلەمان و حزبەکان دانى پێدادەنێن، کە جورێک لە قاچاخچێتى رێکخراو یان خەتى تایبەت بۆ ئەو بابەتە بەکاردێت.
لە راپۆرتەکەدا نموونەى لێدوانێکى پێشووى شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی باشماخ هێنراوەتەوە کە گوتبووى “کێشەی ئێمە مەسەلەى قاچاخچێتیە کە لە هەموو دونیادا هەیە، بەڵام ئێمە کێشەیەکى ترمان هەیە، کە پێى دەوترێت قاچاخچێتى رێکخراو، ئەمەش بەرپرسانى باڵاى ئەم وڵاتەى لە پشتەوەیە کە ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەکى یاساییان لەگەڵدا بکرێت”.
شاخەوان بەکر لەبارەى قاچاخچێتى رێکخراو دەڵێت، مەبەستم ئەوەیە کاتێک ئەوان بارەکان دەهێنن بە هیچ شێوەیەک داخڵى سیستم نابن. دەروازەکان خەتى گومرگى و خەتى ئاساییان هەیە، ئەوانەى لە خەتى گومرگییەوە دێن هەموو رێکارێکیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەموو بارەکان لە خەتى گومرگەوە نایەن، بەشێکیان لە رێگەى هێزى تایبەتى ئەمنییەوە دەهێنرێن بەبێ ئەوەى هیچ ئیجرائاتێکیان لەگەڵدا بکرێت، واتە نە گومرگ نە پشکنین”.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان کە لە کۆنگرەى رۆژنامەنووسى راگەیاندنى راپۆرتەکەى رێکخراوى ستۆپ ئامادەبوو گوتى نایشارنەوە کە گەندەڵى و کەموکوڕى لە دەروازە سنورییەکانى هەرێم هەیە، بەڵام دۆخى دەروازەکانى هەرێم زۆر لە دەروازەکانى عێراق باشترە.
بە تایبەتکردن و بوونى چەندین کۆمپانیا لە بەڕێوەبردنى دەروازە سنورییەکانى هەرێم، یەکێکى دیکەیە لەو بابەتانەى کە لەم ساڵانەى دواییدا زیاتر باسى لێدەکرا، لە راپۆرتەکەى رێکخراوى ستۆپیشدا دەڵێت، بەگوێرەی بەدواداچوونى ئەوان 13 كۆمپانیا لە بوارە جیاجیاكان بەشدارن لە بەرێوەبردنی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان، سەرجەمی ئەو گرێبەستانەش بەبێ كێبركێ بووە و وردبینیان تێدا نەكراوە.
راپۆرتەکە ئاشکرایدەکات لەسەدا 25ى داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجی كۆمپانیاكان دەچێت، بەڵام وەزارەتی دارایی لە وەڵامی تیمی ئامادەكاری راپۆرتەکە رایگەیاندووە پێداچونەوە بە گرێبەستی كۆمپانیاكان كراوە، پشكی حكومەت تیایاندا زیاد كراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە یەکێک لە کارى کۆمپانیاکان “تەعقیم”کردنە کە لە كابینەی نۆ پاش سەرهەڵدانى كۆرۆنا زیادكراوە، بەرێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان بە نوسراو داواى لە وەزارەتی دارایی كردووە بەهۆی ناپێویستی و كاریگەری پێچەوانە لەمەودوا “تەعقم” لاببرێت، بەڵام وەزارەتى دارایی پابەند نەبووە و تائێستاش ئەو پرۆسەیە ماوە.
لێخۆشبوونی گومرگی یەکێکى دیکەیە لە گرفتەکانى خاڵە سنوورییەکانى هەرێم کە وایکردووە داهاتەکانیان کەم ببێتەوە، بەگوێرەى راپۆرتەکە بەرێژەی لەسەدا 20 ئەو بارانەی دێنە هەرێمی كوردستان لێخۆشبونیان بۆ دەكرێت، بۆ ئەمەش سودى خراپ لە یاسایەکى پەرلەمانى کوردستان وەرگیراوە، بەجۆرێك بەناوی لێخۆشبوون، بەشیك لە خاوەن پرۆژەكان كە (پشتیوانی)یان هەیە، رێژەیەكی زیاتر لە پێویستی پرۆژەكانی خۆیان كەلوپەل هاوردە دەكەن دواتر بە نرخێكی زیاتر دەیفرۆشنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە ئێستا لە هەر دەروازەیەكی گومرگی پرسی كوالیتی كۆنترۆڵ دراوەتە كۆمپانیایەك، كە سەرپەرشتی كاری كۆنترۆڵی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دەكات، بەڵام وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە لەسەدا 80ى ئەو بەرهەم و كاڵایانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەموو پشكنینە پێویستەكانیان بۆ ناكرێت.