زووم، ئاژانسەکان:
ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕوس، کە بە دۆستی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا ناسراوە، رایگەیاند، هەر وڵاتێک بیەوێت لەگەڵ “دەوڵەتی یەکێتی روسیا و بێلاڕوس” یەک بگرێت، ئامادەن چەکی ئەتۆمی پێ بدەن، ئەمەش چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە بێلاڕوس گواستنەوەی چەکی ئەتۆمیی روسیای بۆ وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، لۆکاشینکۆ رایگەیاند، “بابەتەکە زۆر ئاسانە، وەرن لەگەڵ دەوڵەتی یەکێتی روسیا و بێلاڕوس یەکبگرن، چەکی ئەتۆمی بۆ هەموون بەردەست دەبێت.”
بەگوێرەی ماڵپەڕی سەرەکی حکومەتی بێلاڕوس، هەریەک لە بێلاڕوس و روسیا لە ساڵی 1999دا پەیماننامەیەکیان واژۆ کردووە کە تایبەتە بە رێککەوتنی هەردولا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یەکێتی روسیا و بێلاڕوس. ئەم یەکگرتنەش کۆمەڵێک هاوپەیمانێتی لە بوارەکانیت ئابوری، زانیاریی، تەکنەلۆژی، کشتوکاڵ و ئاسایشی سنوریی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگرێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا روون نییە کە گوتەکانی لۆکاشینکۆ تا چەند وەک بانگهێشتنامەیەک سەیر دەکرێت، گوتەکانی ئەو نیگەرانییەکانی پرسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا زیاتر دەکات بەتایبەت کە لە ئێستادا جیهان لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و مۆسکۆ بەردەوامە لە هەڕەشە بەردەوامەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەدژی ئۆکراین.
هەفتەی رابردوو لۆکاشینکۆ رایگەیاند کە گواستنەوەی چەکی ئەتۆمی لە روسیاوە بۆ بێلاڕوس دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەو دوو وڵاتە لەوبارەیەوە رێککەوتنێکیان واژۆ کردبوو.
پێشتر پوتین لەبارەیەوە رایگەیاندبوو کە چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی بۆ بێلاڕوس دەگوازێتەوە، هەروەکو چۆن واشنتن چەکی ئەتۆمی لە وڵاتانی ئەوروپادا هەڵگرتووە.
بەڵام هەنگاوەکەی پوتین هەر لەسەرەتاوە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.
ماتیو تیولەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “لەسەرەتای دەستپێکردنی لەشکرکێشی روسیا بۆسەر ئۆکراین، ئەمە دواهەمین نمونەی رەفتاری نابەرپرسیارییەتییە کە لە روسیا دەیبینین.”
لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند کە هیچ ئاماژەیەک بەدی ناکەن کە روسیا خۆی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ئامادە بکات.
بەڵام یەکێتی ئەوروپا رێکەوتنەکەی روسیا و بێلاڕوسی بە هەنگاوێک بۆ زیادکردنی مەترسییەکانی دۆخەکە ناساند.
میخایل پۆدۆلیاک، راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکراین رایگەیاند، “قسەکانی لۆکاشینکۆ راستەوخۆ ئەوە دەردەخەن کە فیدراسیۆنی روسیا دەیەوێت چەمکی جیهانی رێگریی لە چەکی ئەتۆمی بکوژێت و پەییماننامەی جیهانیی دژی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بنێژێت.”
لێدوانەکانی لۆکاشینکۆ، سەرکردەی پەناهەندەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی هێنایە قسەو رایگەیاند، “دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین کە رێگە لە پلانەکەی پوتین بگرین و نەهێڵین چەکی ئەتۆمیی لە وڵاتەکەماندا دابنێت، چونکە ئەمە پێچەوانەی دەستورە و وادەکات بێلاڕوس بۆ چەندین ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی روسیادا بمێنێتەوە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر پلانەکەی پوتین سەربگرێت، ئەوا دەبێت بە “هەڕەشەی جدیی لەسەر ئۆکراین و تەواوی ئەوروپا.”