زووم:
سەرەتای ئەم مانگە دەسەڵاتدارانی ئوستراڵیا کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی نوێیان سەپاند بۆ کێشانی جگەرەی ئەلکترۆنی، هەرچەندە جگەرە ئەلکترۆنیەکان نایاسایین، بەڵام بەگوێرەى ئەم بڕیارە تەنها بۆ ئەو کەسانە بەردەست دەبێت، کە پزیشکى تایبتمەند بۆیان دەنووسێت تا بەکاری بهێنن.
کێشانی جگەرەی ئەلکترۆنی لەنێو هەرزەکان بەجۆرێک زیادیکردووە، دەسەڵاتداران دەڵێن “دۆسیەی سلوکی” یەکەمە لە خوێندگاکاندا.
پسپۆڕان دەڵێن دەکرێت کاریگەری ئالودەبوون بە جگەرەی ئەلکترۆنی لە هیرۆین و کۆکاین زیاتر بێت، بەڵام لە ئوستراڵیا لە سەرجەم دوکان و بازارەکان هەیە و هاوشانی شیرینی و چۆکلێت دەفرۆشرێن.
کریس، مامۆستایە لە خوێندگایەکی ناوەندی لەنیو ساوز وێڵز و دەڵێت، خوێندکارە هەرزەکارەکان هێندە ئالودەن بە جگەرەی ئەلکترۆنی کە پێم وایە چیتر کات بەسەرچووە و ئەوان ئالودەن.
کریس دەڵێت جگەرە ئەلکترۆنیەکان بە تامی چۆکلێت و پڕ لە نیکۆتین کۆنترۆڵی مێشکی گەنجانیان کردووە، تەنانەت منداڵەکانیش لە کاتی خوێندن دەیکێشن.
گەنجەکان کە قوڵبوونەتەوە لە کێشانی جگەرە ئەلکترۆنیەکان هەمیشە هەست بە بێتاقەتی و دوو دڵی دەکەن.
وەک مامۆستاکە دەڵێت، ئەو هەرزەکارانە کە دەیکێشن تەمەنیان لە نێوان 13 ساڵ و 14 ساڵە و پێویستیان بە لەزگەی نیکۆتینیە یان داخڵکردنیان بە سەنتەرەکانی راهێنانەوە بۆ دەربازبوون لە ئالودەبوون.
لە زۆرێک لە وڵاتان جگەرەی ئەلکترۆنی وەک جێگرەوەی جگەرەی ئاسایی دەبینن بەو پێیەی ماددەی قەترانی تێدا نیە، لە هەندێک وڵات تەندروستی داوا لە جگەرەکێشان دەکات جگەرەکانیان بکەن بە ئەلکترۆنی تا زیانەکانیان کەمتر بێتەوە.
لە مانگی رابردوودا، بەریتانیا پلانێکی راگەیاند بۆ دابەشکردنی بێبەرامبەری جگەرەی ئەلکترۆنی بۆ ملیۆنێک جگەرەکێش بۆ کەمکردنەوەی رێژەی جگەرەکێشان و دابەزاندنی بۆ ئاستی 5% تاوەکو ساڵی 2030
بەڵام حکومەتی ئوستراڵیا دەڵێت، ئەو بەڵگانەی کە گوایە جگەرەی ئەلکترۆنی هاوکاری جگەرەکێشان دەکات بۆ وازهێنان لە جگەرە بەڵگەی پێویست نین، بەگوێرەى هەندێک توێژینەوە جگەرەی ئەلکترۆنی هانی گەنجان دەدات بۆ جگەرەکێشان لە تەمەنێکی منداڵیدا.
نەوەی کێشانی ئەلکترۆنی (ڤەیپ)
جگەرەی ئەلکترۆنی، بە پاتری لیسیۆم کاردەکات و خەزانێکی هەیە کە شلەمەنیەکی تێدایە، نیکۆتین و تام و هەندێک ماددەی کیمیایی تێدایە، شلەکە گەرم دەکرێت و دەبێت بە بوخار و دەچێتە نێو سیەکان.
کێشانی ئەلکترۆنی لە ساڵی 2005 بەدواوە سەریهەڵدا، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 81 ملیۆن جیهازی کێشانی ئەلکترۆنی لە تەواوی جیهان هەبووە، بەگوێرەى داتای گروپی سنوردانان بۆ زیانەکانی کێشان لە جیهان.
تامە بەچێژەکان لەنێو ئامێرە ئەلکترۆنیەکانی کێشان وایکردووە لەنێو گەنجان بازاڕێکی باشی هەبێت، هەندێک لەو ئامێرانەی دەگوترێت بێ نیکۆتینن رەنگە بڕێکی زۆر نیکۆتین لەخۆبگرن.
هەروەها شلەمەنیە کیمیاییەکە هەردوو ماددەی فۆرماڵدیهاید و ئەسیتالدیهاید لەخۆدەگرێت، کە دەبەسترێنەوە بە نەخۆشیەکانی سنگ و دڵ و شێرپەنجە.
ئامارەکان نیگەرانکەرن، لە ساڵی 2020 دەسەڵاتدارانی ئەمریکا 2800 حاڵەتیان تۆمارکردووە، کە تووشی نەخۆشیەکانی سی بوون بەهۆی کێشانی جگەرەی ئەلکترۆنی، کە 68 حاڵەتیان بەو هۆیەوە کۆچی دواییان کردووە.
رێکخراوی خێرخوازی “زی کانسەر کۆنسوڵ” لە ئوستراڵیتا توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە و دەڵێن زیاد لە نیوەی ئەو منداڵانەی جگەرەی ئەلکترۆنیان کێشاوە زانیویانە نیکۆتینی تێدایە و بەردەوام بوون لەسەری، پێشیان وابوە رەفتارێکی کۆمەڵایەتی بێ کێشە و قبوڵکراوە.
بەگوێرەى بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی ئوستراڵیا، جگە لەوەی کە تەنها بە نوسراوی پزیشکى دەکرێت جگەرەی ئەلکترۆنی بەکاربهێنرێت، ئەو جۆرە جگەرە ئەلکترۆنیەش کە بۆ یەکجار بەکاردێت بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
هەروەها پێداچوونەوە دەکرێت بە بڕی نیکۆتێنی نێو ئامێرەکان، پێویستە هەموو تامەکان و پێکهاتەی جگەرە ئەلکترۆنیەکان روون و ئاشکرا بن لەگەڵ بوونی تیکەری هۆشیارکەرەوە.