زووم:
فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، شەوى رابردوو پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنە شیعەکان ريککەوتن، برگەیەى گێڕانەوەى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، لە پرۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق لابەرن.
فراکسیۆنەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کۆڵ نادەین و واز لەم بابەتە ناهێنین تاوەکو نەیگەێنینە ئەنجام.
گۆڕانکارییەکان لە پرۆژەیاساى بودجە چەند رۆژێکە هەم لایەکانى هەرێمى کوردستانى دابەشکردووە و هەمیش بووەهۆى دواخستنى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساکە.
مستەفا سەنەد، ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق لە تویتێکدا نوسیویەتى، ئەم تویتەم بگەیەنن بە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، یەکێتى بە پاڵپشتى ئێمە بڕگەى گەڕانەوەى 10%ى پاشەکەوتى موچەى بۆ پرۆژەیاساى بودجە زیادکرد، بەڵام دوێنێ پارتى داواى لابردنى ئەو بڕگەیەى کرد.
سەدەند دەڵێت، ئەم کێشەیە بە کێشەى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان دەزانرێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لایەنە سیاسییەکان بە داواکارییەکەى پارتى رازی ببن و بڕگەکە لاببرێت.
لەبارەى پرسەکە و بەتایبەتى ئەو راگەیەندراوەى فراکسیۆنى نەوەى نوێ کە دەڵێت پارتى و یەکێتى پێکەوە داواى لابردنى بڕگەکەیان کردووە، کاروان یاروەیس، پەرلەمانتارى یەکێتى لە عێراق رونکردنەوەیەکى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، شەوی رابردوو یەکێتی هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگى و هێزە شیعیەکاندا نەبووە. ئەو هەواڵانەی باس دەکرێن لەبارەی ئەوەی یەکێتی رازی بووە بەلابردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشکەوتی موچە “هەڵبەستراوە”.
کاروان یاروەیس دەڵێت، چۆن هەوڵماندا و بڕگەکەمان چەسپاند لە رەشنوسی بودجەدا، ئاواش بەردەوام دەبین تاوەکو لەنێو دانیشتنی پەرلەمان پەسەند دەکرێت.