بەخوێندنەوەى رۆژنامە عەرەبییەکانى ئەمڕۆ دەگەیت بەو تێڕوانینەى سەرەتایەکى تازە لە ناوکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد بەدیدەکرێت، سەرچاوەى ناکۆکییەکەش گۆڕانکارییەکانە لە مادەکانى 13 و 14ى پرۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق، کە شەوى پێنجشەممە لیژنەى دارایی کردى.
رۆژنامەی سەباح، کە رۆژنامەی نیمچە فەرمی حکومەتی عێراقە، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا و لە لاپەرەی یەکەمیدا دوو بابەتی پەیوەست بەو دۆسیەیە بڵاوکردووەتەوە.
سەباح لە مانشێتی یەکەمی دەڵێت “لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کارەکانی هەڵپەسارد تا کاتێکی نادیار”.
سەباح ئاماژە بە نوسراوێکی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەدات، کە داوا دەکات کارەکانی لیژنەی دارایی هەڵپەسێردرێت بەو پاساوەی پێویستە ژمارەی ئەندامەکانی 23 بێت نەک وەک ئێستا 24.
بۆیە جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت تا کاتی رێکخستنەوەی هەیکەلی لیژنەکە و رێککردنەوەی رێڕەوەکەی دەبێت کارەکانی لیژنەکە هەڵپەسێردرێت و هەمووان پەیوەست بن بە دەستور و پەیڕەوی ناوخۆ.
سەعد عەواد توبی، ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت داواکاریەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە، کە هەڵپەساردنی لیژنەکان لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە، بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکان و کارەکانمان.
هەر لە پەرەی یەکەمی رۆژنامەکە سەباح بە مانشێتێکی دیکە دەڵێت “فەرمانبەرانی هەرێم داوای خەرجکردنی مووچەی پاشەکەوت دەکەن”
سەباح دەڵێت رەتکردنەوەی حکومەتی هەرێم بۆ گۆڕانکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجە، بووە هۆی بێ ئومێدی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە بەگوێرەى گۆڕانکارییەکان پێویستە حکومەتی هەرێم مووچە پاشەکەوتکراوی ساڵانی رابردوویان بۆ بگەڕێنێتەوە.
سەباح دەڵێت یەکێتی رازییە بە گۆڕانکارییەکان، بەڵام هەولێر بابەتەکە رەتدەکاتەوە، سەباح لە زاری بورهان شێخ رەئوف دەڵێت “یەکێتی لەگەڵ دابینکردنی مافی هاوڵاتیان و خانەنشینانە”.
شیروان دوبردانی پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە سەباحی راگەیاندووە، بە پشكی 12.67% هەرێم ناتوانێت پارەی پاشەکەوت بداتەوە.
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی لە مانشێتێکدا لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دەڵێت “بەستنەوەی بودجە بە داهاتی نەوتەوە خاڵی سەرەکی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدادە”.
عەرەب لە زاری شارەزایەکی ئابووری بە ناوی گۆڤەند شیروانی دەڵێت، لە پرۆژەیاساکەدا پشكی هەرێم بێ هیچ مەرجێک دانراوە، بەڵام لیژنەی دارایی ئەم مەرجانەیان زیادکردووە بۆ پشکی هەرێم و بەستوویانەتەوە بە داهاتی نەوتەوە.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە عەرەبی گوتووە، هەندێک بڕگەی ئەو گۆڕانکارییانەی بودجە پێچەوانەی دەستورن لە بابەتی پابەندییە دارایی و نەوتیەکان.
چاپی عێراقی رۆژنامەی زەمان لە پەرەی یەکەمیدا بابەتێکی داناوە بە مانشێتی “هەرێم هەست بەبێ ئومێدی دەکات و ناکۆکیەکان لەسەر بودجە توند دەبنەوە بەر لە پەسەندکردنی”.
رۆژنامەی زەمان باس لە تویتێکی مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەکات کە دەڵێت، لادان لە بەرنامەی کاری حکومەت، کە پەرلەمان دەنگی لەسەرداوە عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر.