زووم:
پێناچێت کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژارن و راپرسى هەرێم بە ئاسانى بکەوێتەوە سەر پێ، سەربارى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى، گۆڕان و یەکگرتوو کە لە ئەنجومەنى کۆمسیاران ئەندامیان هەیە دەڵێن بەشدارى لە کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنەکە ناکەن، ئەوەش وا دەکات رێژەى یاسایی بۆ بەستنى کۆبوونەوەکان تەواونەبێت.
ئەنجومەنى کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێت: پارتى سێ ئەندام، یەکێتى و گۆڕان هەریەکەو دوو ئەندام، یەکگرتوو و کۆمەڵیش هەریەکەو ئەندامێکیان هەیە.
بەگوێرەى یاساى کۆمسیۆنەکە کە ساڵى 2014 پەرلەمانى کوردستان پەسەندى کرد، ئەنجامدانى دانیشتنەکانى ئەنجومەنى کۆمسیاران بە ئامادەبوونى زۆرینەى رەهاى ئەندامەکانى دەبێت واتە (50 + 1) بەوپێیەش لە نۆ ئەندامەکە دەبێت پێنج ئەندام ئامادەبن تاوەکو رێژەى یاساى تەواوبێت، بەڵام وا دەردەکەوێت ئێستا تەنها ئەندامەکانى پارتى ئامادەبن کە سێ ئەندامن.
هەرچى سەبارەت بە ئەندامانى لایەنەکانى دیکەیە، یەکێتى و گۆڕان و یەکگرتوو خۆیان یەکلاکردووەتەوە کە بەشدارى لە کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى کۆمسیاران ناکەن، بەڵام کۆمەڵى دادگەریی کە ئەندامێکى هەیە هێشتا بڕیارى کۆتایی نەداوە.
بزوتنەوەى گۆڕان کە دوو ئەندامى لە ئەنجومەنى کۆمسیاران هەیە لە پەیامێکدا دەڵێت، بۆ رێگەگرتن لەبەردەوامى ئەم دۆخە و لێکترازانى زیاتر و رێگەنەدان بە پێشێلکردنى یاسا و بنەماکانى سازانى نیشتمانى، هیچ کۆبوونەوەیەکى کۆمسیۆن بەپێویست نازانن.
هاوکات ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری ئەنجومەنی كۆمسیاران لە پشکى یەکگرتووى ئیسلامى لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، کاراکردنەوەى کۆمسیۆن لە دانیشتنەکەى دووشەممەى رابردووى پەرلەمانى کوردستاندا بە حاڵەتێكی نا تەندروست دەبینم لەو سۆنگەیەوە بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەم كە تێبینی و رەخنەی یاسایی لەسەر بێت.
ئەنجومەنى کۆمسیارانى کۆمسیۆنى هەڵبژارن و راپرسى هەرێم دەسەڵاتێکى باڵاى هەیە بۆ گرتنەبەرى هەنگاوەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن، بەڵام کۆنەبوونەوەى ئەنجومەنەکە رۆژ بە رۆژ بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە 18ى 11ى ئەمساڵ مەحاڵتر دەکات کە ئێستا کەمتر لە شەش مانگ بۆ ئەو وادەیە ماوە.
دووشەممەى رابردوو لە دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستاندا کە شەڕ و ئاڵۆزیی لەنێوان فراکسیۆنى پارتى و یەکێتى روویدا، پرسى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن برایە نێو دانیشتنەکەوە، پارتى سوورە لەسەرئەوەى کە بە دەنگى 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام یەکێتى ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت دانیشتنى پەرلەمان نەبووە.
سەربارى ناڕەزایی یەکێتى رۆژێک دواتر رۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى بڵاوکردەوە، بڕیاریشە سبەى دوو ئەندامە تازەکەى ئەنجومەنى کۆمسیاران لە پشکى پارتى کە لە دانیشتنەکەى پەرلەماندا پەسەندکران، لە بەردەم ئەنجومەنى دادوەرییدا سوێندى یاسایی بخۆن.