بەگوێرەی هەواڵیکی ماڵپەڕی سی ئێن بی سی ئەمریکی، هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیا هۆکاری دواکەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی ئەو وڵاتە. لە هەمان کاتتدا ئەنقەرە دەیەوێت بەر لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، لەگەڵ عێراقدا بە پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە.
هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان لەگەڵ برێکی دیکەی عێراق، کە دەیکردە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەڕێگەی بۆرییەکەوە دەگوازرایەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. بەڵام لەدوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی، لە 25ی ئازارەوە راگیرا.
ماڵپەڕەکە دەڵێت چارەسەری پرسی هەناردەی نەوت بۆ دوای هەڵبژاردنی خولی دووەم دوادەکەوێت، بەڵام ئەگەر درێژکردنەوەکە ماوەی زیاتر بخایەنێت ئەوا بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کەم دەبێتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، پێشتر رایگەیاند، بەغداد تورکیای ئاگادارکردووەتەوە، کە لەتوانایاندایە دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕەوانی تورکیان.
ئەو گوتى، “هاوکارانمان لە تورکیا پێیان راگەیاندین چەند پرسێک هەیە هەڵیدەسەنگێنن، کە دەبێت سەیرێکی بکەنەوە، یەکێک لەوانەش پرسی بومەلەرزەکەیە” بۆ ئەوەی بزانن هیچ زیانێکی بە بۆرییەکان نەگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشدا، شاندێک لە عێراقەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەچێتە تورکیا، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەکەی دیاریی نەکراوە.
چەند سەرچاوەیەکی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت بە ماڵپەرەکەیان راگەیاندووە دوای داواکەی بەغداد، پێشبینیدەکرا هەناردەی نەوت لە بەندەری جەیهان بۆ بازاڕەکانی جیهانەوە لە 13ی ئەم مانگە و رۆژێک بەر لە هەڵبژاردنەکانی خولی یەکەمی تورکیا دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەوە نەکرا.
شرۆڤەکاران پێیانوایە تورکیا دەیەوێت جارێکی دیکە توشی کێشەی یاسایی نەبێتەوە و دەیەوێت لە سەرەتادا دڵینا بێتەوە لەوەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بەشێوەیەکی یاسایی رێکخرابێت، ئەوکاتە دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت، چونکە ئەوەی ئێستا هەیە رێککەوتنێکی سیاسییە و چوارچێوەیەکی یاسایی نییە.
یەریڤان سەعید، توێژەری یاریدەدەر لە پەیمانگای کەنداوی عەرەب لە واشنتن، بە سی ئێن بی سی راگەیاندووە، “تاوەکو ئێستاش چەندین کێشەی تەکنیکی هەن لەنێوان هەرێم و بەغداد، کە دەبێت چارەسەر بکرێن. سەرەڕای ئەوەی کە رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکاریی رێککەوتنەکە ماوە چارەسەربکرێت لەبارەی ئەوەی چۆن هەناردەی نەوتەکە دەستپێدەکاتەوە و کام لایەن دەسەڵاتی بەسەر داهاتەکەیدا دەبێت”.
سەرەڕای پرسی بە بازاڕکردنی نەوت، هەرێم و بەغداد دەبێت لەبارەی قەرزی کۆمپانیاکانى بوارى نەوت رێککەوتنێکی دیکە بکەن، چونکە کۆمپانیا بیانییەکان پێشتر پارەیان داوە بە هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر کڕینی پێشوەختەی نەوتی هەرێمدا.
یەریڤان سەعید دەڵێت، ئەنقەرە دەبێت لەگەڵ بەغداد دانوستان بکات لەبارەی بەردانەوەی ئاوی روباری فورات و بوونی هێزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و شنگال.
بیلال وەهاب، توێژەر لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت، کۆنترۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم بە دەست تورکیایە و ئەمەش وادەکات تورکیا وەک چەک لە دژی بەغداد بەکاری بهێنێت بۆ لێخۆشبوون لەو قەرەبووەی دادگای پاریس تورکیای پێوە پابەند کردووە. جگە لەوەش، تورکیا دەیەوێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەنقەرەدا باشتر بکات و پێیدا بچێتەوە. بیلال وەهاب بەدوریشی نازانێت، ئەگەر ئەردۆغان ببێتەوە بە سەرۆک، هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەستخستنی بەرژەوەندییەکانی لە بەغداد بەکاربهێنێت.