دوای گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر، درەنگی شەوی پێنجشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە تەواو کرد و گۆڕانکارییان لە زۆرێک لە بڕگە و ماددەکان کرد بە ماددەکانی 13 و 14ی تایبەت پشکی هەرێمیشەوە، رێککەوتن لەسەر هەموو بەندەکان کرا.
هەرچەندە زۆرێک لە لایەنە سیاسیە کوردییەکان هەندێک لە بڕگە و ماددە دەستکاریکراوەکانیان وەک دەستکەوت باسدەکرد، بەڵام هەر لە سەرەتاوە پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕانکارییەکانی رەتکردەوە.
حکومەتی هەرێم هەر زوو هاتە وەڵام و گوتی، ئەو گۆڕانکارییانەى لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق کردوویانە قبوڵ ناکەین، پابەندی هیچ بڕیارێکی دیکە نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی سودانی کراوە.
بەرەبایانی ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق، لەبارەى گۆڕانکاری لە مادەکانى 13 و 14ی پرۆژەیاساى بودجە، کە پەیوەستە بە پشکى هەرێم هەڵوێستى خۆیان راگەیاند و رەتیانکردەوە.
رەتکردنەوەکەی پارتی و حکومەتی هەرێم، کاردانەوەی زۆری لە نێو رۆژنامە ناوخۆیی و جیهانیەکان لێکەوتەوە، رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراقی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا راپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی “سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی پرۆژەیاسای بودجە”.
رۆژنامەی سەباح دەڵێت، سەرەڕای ناڕەزایی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیژنەی دارایی پەرلەمان دەنگیدا بە سەرجەم ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجە لەنێویاندا ماددەی 13 و 14ی تایبەت بە پشكی هەرێم.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی بە سەباحی راگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە پشكی هەرێم لە بودجە نەکراوە و وەک ئەوەی حکومەت ناردوویەتی 12.67% دەبێت، بەڵکو گۆڕانکارییەکە تەنها لەسەر شێوازی هەناردەی نەوتی هەرێمە، کە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و لەو رێژەیە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانە.
موعی کازمی گوتوشیەتی، تەنها وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی نەوتی ئەنجامدەدات، نەک هەرێم، هەندێک بڕگەش زیادکراوە، کە رێگری دەکات لەوەی هەرێم لە کێڵگەکانی نەینەوا و کەرکوک نەوت هەناردە بکات.
موعین بە سەباحی راگەیاندووە، بڕگەیەکی دیکە زیادکراوە، کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بە گەڕاندەوەی پاشەکەوتی موچەى فەرمانبەران مانگانە بە رێژەی 10%.
لەبارەى هەمان پرس، رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە بە مانشێتی “هەولێر گۆڕانکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق رەتدەکاتەوە”.
رۆژنامەکە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانى وەک بەڵگە بۆ مانشێتەکەی هێناوەتەوە، کە حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەو گۆڕانکارییانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراقەوە کراون لەسەر پرۆژەیاسای بودجە نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیە.
شەرقولئەوسەت دەڵێت، حکومەتی هەرێم پابەندکراوە بەوەی داهاتەکەی لە بانکی ناوەندی یان هەر بانکێکی حکومی دابنێت، کە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
رۆژنامەی عەرەب لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دەڵێت “ناکۆکیەکان لەبارەی بودجە، کەشی ئەرێنی نێوان بەغداد و هەولێر” تێکدەدات.
عەرەب لێدوانی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وەرگرتووە کە دەڵێت، رێگەنادەین کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت لەسەر بودجە، ئەگەر گۆڕانکارییەکان لە ماددەی 13 و 14 بەمشێوەى ئێستا بێت.
شاخەوان عەبدوڵا، بە عەرەبی راگەیاندووە، ئەم ماددانە ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدادە، کە چەندین مانگی خایەندووە و رەهەندی سیاسیان هەیە.
شاخەوان عەبدوڵا هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی تۆمەتبارکردووە و دەڵێت دەیانەوێت شکست بە حکومەتەکەی سودانی بهێنن بە بەربەست دروستکردن بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر.
پەیوەست بە هەمان بابەت، رۆژنامەی قودسی عەرەبی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دەڵێت “حزبەکەی بارزانی ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر گۆڕانکاری لە پرۆژەیاسای بودجە”
قودسی عەرەبی دەڵێت، ئەم گۆڕانکارییانە ئاڵۆزی دروستدەکات لە پەیوەندییەکانی بەغداد و هەرێم، لە رووی هونەریەوە پرۆسەی هەناردەی نەوت و ناردنی داهات بۆ هەرێم قورس دەبێت.
قودسی عەرەبی باس لە هەڵوێست و ناڕەزایەتیەکانی پارتی دەکات، لە بەرامبەردا لێدوانەکانی یەکێتی، کە دەڵێت، بەڵێنەکانمان جێبەجێکرد لەبارەی بودجە و موچە و قوتی هاوڵاتیان.