شەوی پێنج شەممەی رابردوو شەوێکى چارەنووسساز بوو بۆ پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق، پاش مشتومڕێکى زۆر تەواوى ئەو بڕگە و مادانەى پەیوەندییان بە هەرێمەوە هەبوون لە لیژنەى دارایی پەسەندکران، بەشێکیان گەشبینى و هەندێکیشیان رەشبینییان بەدواى خۆیاندا هێنا.
ئەگەر گەڕانەوەى بەشێک لە پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران هەواڵە “خۆشەکە” بووبێت، ئەوا کۆتوبەندى ناردنى پشکى هەرێم بە چەندین مەرج تارادەیەک نائومێدى و دڵەراوکێى دروستکردووە، ئەگەرچى ئەمە کۆتایی رێگەکە نییە و هێشتا گفتوگۆ و دەنگدانى نێو هۆڵى پەرلەمان ماوە، کە رەنگە هاوکێشەکان پێچەوانە بکاتەوە.
لە پرۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراقدا سێ مادە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان، مادەکانى 12، 13 و 14. هەرزوو مادەى 12 وەکو “بۆمبێکى تەوقیتکراو” وەسفکرا کە لە بڕگەیەکیدا دەیگوت “نابێت پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر بێت لە داهاتى نەوت و خاڵە سنورییەکانى”، بەڵام پاش ناڕەزایی هەرێم ئەو بڕگەیە لابرا.
شەوى رابردوو لیژنەى دارایی کە لەکۆى 23 ئەندام تەنها سێ کوردى تێدایە و لە پارتى، یەکێتى و یەکگرتوو پێکهاتوون، دەستیکرد بە تاوتوێکردنى مادەکانى 13 و 14 کە تایبەتن بە هەرێم، مادەکان کە پێشتر لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە نێردرابوون رەنگدانەوەى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغداد بوون، بەڵام ئەندامانى لیژنەکە گۆڕانکارى زۆریان تێداکرد و چەندین بڕگەیان بۆ زیادکرد، بەشێک لە ئەندامە کوردەکان بە “کودەتا” وەسفیان کرد و گوتیان ئەگەر ئەو بڕگانە پەسەند بکرێن کێشەى گەورە بۆ پشکى هەرێم دروست دەبێت.
بەگوێرەى یەکێک لە بڕگە زیادکراوەکان ئەگەر نەتوانرا 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەى هەرێم هەناردەى بەندەرى جەیهانى تورکیا بکرێت، پێویستە لەناوخۆى عێراق بەکاربهێنرێت یاخود بە تانکەر هەناردەى دەرەوە بکرێت، ئەگەر ئەوەش نەکرا و هیچ بڕە نەوتێکى هەرێم بە دەست کۆمپانیاى سۆمۆ نەگەیشت ئەوکات لە پشکى هەرێم کەم دەکرێتەوە.
بەگوێرەى بڕگەیەکى دیکە پێویستە پاکتاوی حساباتی ساڵەکانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمدا ئەنجامبدرێت، ئەگەر ئەو وردبینى و پاکتاوە نەکرا، ئەوا پشکى هەرێم نانێردرێت.
بڕگەیەکى دیکە کە مەترسى لەسەر ئەوە دروستکردووە پشکى هەرێم بە تەواوى بگات، باس لەوەدەکات هەر بڕینێک لە بودجەى گشتى عێراق رووبدات ئەو بڕینە پشکى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.
لە بڕگە زیادکراوەکاندا بیر لەوەکراوەتەوە ئەگەر ناکۆکى لەنێوان هەولێر و بەغداد لەسەر جێبەجێکردنى یاساى بودجە دروستبوو چۆن چارەسەرى ئەو ناکۆکییانە بکرێت، چارەسەرەکە ئەوەیە ماوەى 15 رۆژ دەرفەت دەدرێتە هەرێم تاوەکو لەسەر ئەو کێشەیە خۆى یەکلابکاتەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا کێشەکە چارەسەرنەبوو ئەوا پشکى هەرێم دەبڕدرێت.
بڕگەیەکى دیکە کە وەکو جۆرێک لە لێدان لە قەوارەى هەرێمى کوردستان لێکدانەوەى بۆ دەکرێت دەڵێت ئەگەر هەر پارێزگایەکى هەرێم ناڕازیی بوو لە دابینکردنى شایستە داراییەکانى لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، ئەوا پارێزگاى ناڕازیی دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد مامەڵە بکات.
راپۆرتە پەسەندکراوەکەى لیژنەى دارایی لە بڕگەیەکى دیکەدا رێگرى دەکات لە دەرهێنانى نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک و نەینەوا لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە، کە ئەمەش رەنگە کێڵگەکانى خورمەڵە و بەشێک لە کێڵگەکانى نەینەوا بگرێتەوە کە بە بڕبڕەى پشتى هەناردەى نەوتى هەرێم هەژماردەکرێن.
بەگوێرەى بڕگەیەکى دیکە کە بەکەمکردنەوە لە پێگە و دەسەڵاتى هەرێم وەسفدەکرێت، لەلایەن وەزیرى دارایی عێراقەوە دەسەڵاتى خەرجکردنى پارەى نەوتى هەرێم بە سەرۆکوەزیرانى هەرێم دەدرێت، لە هەر حاڵەتێکیشدا دەتوانێت ئەو دەسەڵاتەى لێ وەربگرێتەوە.
گەڕانەوەى بەشێک لە پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم یەکێکى دیکە بوو لە بڕگە زیادکراوەکان کە شەوى رابردوو بەخێرایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان داگیرکرد، ئەوە جگە لەو پێشبڕکێ توندەى لەنێوان حزبەکاندا دروستبوو بە تایبەت یەکێتى و نەوەى نوێ و یەکگرتوو کە هەریەکەیان خۆیان بە خاوەنى پێشنیازەکە دەزانى.
بەگوێرەى ئەو بڕگەیە پێویستە حکومەتى هەرێم مانگانە رێژەی 10٪ پاشەکەوتی موچە بگێڕێتەوە بۆ فەرمانبەران، بەڵام لەبارەى جێبەجێکردنى ئەم بڕگەیە بۆچوونى جیاواز هەیە بە تایبەت کە هیچ پارەیەکى زیادە بۆ هەرێم تەرخان نەکراوە، بەڵکو دەبێت لە پشکى 12 پۆینت 67کە ئەم بڕگەیە جێبەجێ بکات. واتە ئەگەر پشکى هەرێم 16 ترلیۆن و نیو بێت، ئەوا دەبێت ترلیۆنێک و 650 ملیار دینار بۆ گەڕانەوەى 10%ى پاشکەوتى موچە تەرخان بکرێت، لەو حاڵەتەشدا رەنگە پارەیەکى کەمتر لە بەردەستى حکومەتى هەرێم بمێنێتەوە بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەکانى ئاوەدانکردنەوە و باشتکردنى خزمەتگوزارییەکان.