“43 بە 57” دەستەواژەیەک کە لەگەڵ بەکارهێنانیدا سەرنجەکانى دەبرەوە سەر دوو ئیدارەیی یاخود روونتر بڵێین زۆنى سەوز و زۆنى زەرد، بەڵام بەگوێرەى دوایین بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بیت پێدەچێت چیدیکە ئەم دەستەواژەیە نەبیستینەوە، بەجۆرێک کە لەمەودوا تەواوى داهاتەکانى هەرێم لە یەک هەژمارى بانکیدا کۆدەکرێنەوە و بەبێ “رێژەکاریی” بەسەر پارێزگاکانى هەرێمدا دابەشدەکرێن.
رێککەوتنى “43 بە 57” مێژوویەکى کۆنى هەیە بۆ نزیکەى 17 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە بە دیاریکراوى بۆ ئەوکاتەى کە هەردوو ئیدارەى سلێمانى و هەولێر لە ساڵى 2006 یەکیان گرتەوە، رێککەوتنەکە لەنێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەى پێکهێنەرى حکومەت واتە یەکێتى و پارتى واژۆکرا، بەگوێرەى ناوەڕۆکەکەى هەردوولا رێککەوتبوون داهاتەکانى هەرێم لەسەر بنەماى ئەو رێژەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێن بە جۆرێک لەسەدا 43 بۆ سلێمانى و لەسەدا 57ـیش بۆ هەولێر و دهۆک.
تاوەکو ساڵى 2014 کە بەشى هەرە زۆرى بودجەى هەرێم لە بەغدادەوە دەهات، ئەم رێککەوتنە کێشەى گەورەى بۆ دروست نەبوو، بەشێوەیەکى ئاسایی مانگانە پارە لە بەغدادەوە دەهات و موچەى موخۆران و پارەى پرۆژەکانى پێ دابیندەکرا، بەڵام لە پاش بڕینى بودجەى هەرێم و پشتبەستن بە نەوتى فرۆشراوى هەرێم وەکو سەرچاوەى سەرەکى داهات، ئیدى وردە وردە گرفتەکانى رێککەوتنى “43 بە 57” بەدەرکەوتن بە تایبەت لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئەو ناوچانەى کە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان تێیدا باڵادەست بوو، ئەمەش بووە هۆى قوڵبوونەوەى ناکۆکییەکانى لەگەڵ پارتى و تۆمەتبارکردنى یەکدى لەسەر پرسى دارایی و داهاتى ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان.
ئەو خاڵەى کە بووە هۆى دروستبوونى ناڕەزایەتى و ناکۆکى لەسەر رێککەوتنەکە ئەوە بوو ئەگەر لە دەرەوەى ئەو رێژەیەى کە بۆ هەر ناوچەیەک دیاریکراوە کورتهێنان لە خەرجییەکان دروستبوو “جا ئەگەر لە موچەش بێت”، ئەوا دەبێت ئەو پارێزگایە خۆى لە داهاتى ناوخۆ کورتهێنانەکە پڕ بکاتەوە، بەڵام لەمساڵانەى دواییدا کورتهێنان لە خەرجییەکانى سلێمانى، بوو بە کێشەکى ئاشکرا و کاریگەرى کردە سەر موچەى موچەخۆران و دەرمان و پاکوخاوێنى شار و شارۆچکەکان و راوەستانى پرۆژەکان، وەزارەتى داراییش کە وەزیرەکەى لە پشکى بزوتنەوەى گۆڕانە زوو زوو لە راگەیەنراوەکانییدا دەیگوت ئەوان لە کێشەی دارایی سلێمانى بەرپرس نین، بەڵکو ئەوانە بەرپرسن کە رێککەوتنى 43 بە 57 یان کردووە کە مەبەستى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان بوو.
لاى خۆشییەوە یەکێتى وەکو حزبى باڵادەستى ناوچەکە تۆمەتەکانى پارتى و میدیاکانى ئەو حزبەى رەتدەکردەوە کە داهاتى ناوخۆى سنوورەکە دیارنەمینێت و لە پڕکردنەوەى کورتهێنانى خەرجییەکاندا بەکارنەهێنرێت، بەڵکو دەیگوت داهاتى ناوخۆى ناوچەکە روون و ئاشکرایە و ناگاتە ئەو ئاستەى کە کورتهێنان بە تەواوى پڕبکاتەوە، بڕەکەشى لە داهاتى دەروازە سنورییەکان و باج و رسوماتى سنورى هەولێر و دهۆک کەمترە.
دواجار پاش ساڵانێک لەم ناکۆکى و بگرە و بەردەیە، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە یەکەم کۆبوونەوەى پاش گەڕانەوەى تیمى یەکێتى کە 14ى ئەم مانگە بەڕێوەچوو بڕیاریدا بە رێکخستنەوەى دارایی گشتى و کۆکردنەوە و بەیەکەوە بەستنى سەرجەم داهاتەکان لە رێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنییەوە.
لە راگەیەنراوى کۆبوونەوەکەى دوێنێى ئەنجومەنى وەزیرانیشدا ئاماژەبەوە دراوە کە بڕیارەکانى رێکخستنەوە و بەمەرکەزیکردنی داهات و خەرجییەکان پەسەندکراوە و لەمەودوا موچە لە سەرتاسەرى هەرێم بەناوەندیی دەکرێت و دەبێتە کارى لە پێشینەى حکومەت و پێش هەر خەرجییەکى دیکە دەبێت، بۆ خەرجییەکانى دیکەش یەکسانى و ژمارەى دانیشتووان پەیڕەو دەکرێت بەبێ پەیڕەوکردنى “رێژەکاریی” لەسەر ئاستی داهاتی پارێزگا.
ئەگەر بڕیارەکان وەکو ئەوەى راگەیەنراوە بەبێ گرفت جێبەجێ بکرێن ئەوا بە ماناى ئەوەدێت پاش 17 ساڵ دابەشکردنى بودجە بەشێوەى 43 بە 57 بەسەر پارێزگاکاندا کۆتایی دێت و هەموو داهاتەکانى هەرێم لە وەزارەتى دارایی کۆدەکرێنەوە، دواتر ئەو داهاتە بە پلەى یەکەم بۆ موچە خەرجدەکرێت و موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەشدەکرێت.
لەلایەکى دیکەوە پاش ئەو بڕیارانەى ئەنجومەنى وەزیران، وەزارەتى دارایی لە 23ى ئەم مانگەدا بە واژۆى ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی بڕیاری دا کە سەرجەم داهاتەکانى هەرێمى کوردستان بخرێنە سەر هەژمارى تایبەتى وەزارەتى دارایی و ئابوورى لە بانکى منارە. ئەو بڕیارەى وەزارەتى داراییش بە ماناى ئەوە دێت چیدیکە هەژمارەکانى بانکى ناوەندى سلێمانى و هەولێر نامێنن کە بەگوێرەى رێککەوتنى “43 بە 57” کاریان پێدەکرا.
زووم لەناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەدواداچوونی بۆ بەمەرکەزیکردنی مووچەو داهاتەکان کردووە، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی جیاوازی ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە وەزیرەکانی گوتووە، دەبێت ئەم بڕیارە جێبەجێبکرێت و قبوڵی نییە کەس تەگەرەی بۆ دروستبکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پارتی و یەکێتی کێشەی گەورەی نێوانیان کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان بوو، کە هەریەکەیان ئەوی دیکەی تۆمەتبار دەکرد و نمونەی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و باشماخیان دەهێنایەوەو دەیانگوت داهاتەکانیان بەتەواوەتی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم.
هەرچەندە مەسرور بارزانی و تیمی پارتی گومانیان لە خاڵە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی زۆرە ودەیانگوت چارەسەر دروستکردنی هێزێكی هاوبەشی حکومەتە بۆ رێگری لە قاچاخچیتی و دیارنەمانی داهاتەکەی، بەڵام پێدەچێت ئەم چارەسەرە لەم قۆناغەشدا جێبەجێنەکرێت و هەموان بەوە رازی بووبن داهاتی خاڵەسنورییەکانی هەرێم وەک داهاتی ناوخۆ بگەڕێنەوە هەولێر ولەوێوە جارێکی دیکە دابەشبکرێنەوە.