زووم، ئاژانسەکان
ئەمریکا؛ خاوەنى گەورەترین ئابورى جیهان، ترسی هەیە نەتوانێت مانگى داهاتوو موچە دابەش بکات.
ئەم وڵاتە روبەڕوی کورتهێنانی پارەی کاش بووەتەوە و دەیەوێت قەرزبکات، لەکاتێکدا ئێستا قەرزارترین وڵاتى جیهانە و 31 تریلیۆن و 400 ملیار دۆلار قەرزدارە.
چەند رۆژێکە گفتوگۆکانى ئیدارەى بایدن و کۆنگرێس زیاتربوون بۆ ئەوەى کورتهێناکە بە قەرز پڕبکاتەوە. کاتی زۆریشیان لەبەردەست نییە و دەبێت لەماوەى هەفتەیەکدا پرسەکە یەکلایی بکەنەوە، ئەگەرنا کێشەى کورتهێنانى بودجە کاریگەرییەکەى لەسەر هاوڵاتیانیان دەردەکەوێت.
جانێت یاڵن، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بەمدواییانە چەند جارێک رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی خەریکە پارەی نامێنێت و ناتوانیێت چیدیکە خەرجییەکانی دابین بکات، کە ئەو سوانە دەگرێتەوە کە دەبێت حکومەت بیداتەوە بە خاوەن قەرزەکان. جگە لەمەش حکومەت کێشەی پێنەدانی موچەی کارمەندانی فیدراڵیی و خانەنشینان و خاوەن گرێبەستەکانی بۆ دروستدەبێت، ئەگەر تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو نەتوانێت قەرز بکات.
ئەو دەڵێت، ئەگەری هەیە حکومەت لە 1ی حوزەیراندا روبەڕوی ئەو دۆخە “کارەساتبارە” ببێتەوە، کە چیدیکە توانای دانەوی قەرزەکانی نابێت.
ئەگەر ئەمە رووبدات وڵاتەکە روبەڕوی پاشەکشەیەکی دیارى ئابوری و زۆربوونی رێژەی بێکاریی و دابەزینی بەهای دۆلار دەبێتەوە.
کورتهێنانى دارایی لە ئەمریکا ساڵانە روودەدات، بۆ ئەمساڵیش ئەگەر کۆنگرێس رێگە بە قەرزى زیاتر نەدات، حکومەت دەبێت پەنا بباتە بەر کەمکردنەوەی خەرجییەکانی، یان دەبێت پەنا بباتە بەر زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتییان یان موچەکانیان کەم بکاتەوە.
پاشەکشەى ئابورى ئەمریکا کاریگەری راستەوخۆى لەسەر بازاڕەکانی جیهان و بەهای دۆلار دەبێت.
زیادکردنى قەرزەکەى ئێستا یەکەمجار نییە، ئەمریکا لە مێژووى خۆیدا 78 جار قەرزی زیادکردووە، تەنها لە ماوەی حکومڕانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشوودا سێ جار قەرزی زیادکردووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ کیڤن مەکارتی، سەرۆکى ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری ئەنجامداوە، بۆئەوەی ئەمریکا لەو دۆخە بپارێزێت، کە نەتوانێت قەرزەکانی بداتەوە.
بایدن دەڵێت، هیچ رێگەیەکى دیکەمان نییە، جگەلەوەى لەگەڵ کۆمارییەکاندا لەسەر پرسەکە رێکبکەوین.
لەدواى هەڵبژاردنى نیوەخول لە تشرینى دووەمى ساڵى رابردووەوە بایدن و دیموکراتەکان وەک پێشوو ناتواننن پلانەکانیان وەک ئەوەى خۆیان دەیانەوێت جێبەجێی بکەن، پێشتر دیموکراتەکان لە هەردوو ئەنجومەنى نوێنەران و پیران زۆرینەبوون، بەڵام لە ئێستا کۆمارییەکان لە ئەنجومەنى نوێنەران زۆرینەن.
دیموکراتەکان، کە ئیدارەى ئەمریکایان لایە دەیانەوێت قەرز بکەن، بەڵام کۆمارییەکان نایانەوێت قەرزبکرێت، بەڵکو دەیانەوێت خەرجییەکانی وڵات کەم بکرێتەوە.
کەمکردنەوەى خەرجییەکانیش کاریگەریی لەسەر ملیۆنان هاوڵاتی ئەمریکی دەبێت، وڵاتەکەش بەرەو 47مین هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى دەچێت کە لە ساڵى 2024دا و هەردوو پارتەکە رکابەرەکە نایانەوێت دەنگدەران لەخۆیان برەنجێنن و پرسى کورتهێنانى بودجە کاریگەرى لەسەر داهاتوویان دابنێت.
هەرچەندە هێشتا لەبارەى پرسی قەرزەکە هەردوو پارتەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام مەکارتی دەڵێت، “بەرەو قۆناغێکی باش رۆیشتوین، کە پێموایە قۆناغێکی ئەرێنییە و دەگەینە رێککەوتنێکی راست و دروست لەوباریەوە.”