دەروازە تاقانەکەى رۆژئاڤا کە بە شادەمارى ژیان ناودەبرێت، لە 11ى ئەم مانگەوە واتە دوو هەفتەى رێکە داخراوە، زوومى رۆژئاڤا چووەتە دەروازە کە لەدیوى لاى خۆى سێمالکا و لەدیوى هەرێمى کوردستانیش پێشخابوورى پێدەگوترێت، وەکو لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت ناوچەکە کشوماتە هیچ جۆرە جوڵەیەک نابینرێت، زوومى رۆژئاڤا دەڵێت سەرجەم جوڵەى بازرگانى و هاتووچۆى هاوڵاتیان لەنێوان هەرێم و رۆژئاڤا وەستاوە، ئەو چەند خولەکەى کە تیمی زووم لەوێ بوون، تەنها رێگە بە یەک ئۆتۆمبێل درا بێتە خاکى رۆژئاڤا ئەویش ئەمبوڵانسێک بوو تەرمێکى دەگواستەوە.
زوومى رۆژئاڤا قسەى لەگەڵ کارمەندان و بەرپرسانى دەروازەى سێمالکا کردووە، ئەوان گوتویانە داخستنى دەروازەکە کاریگەرى نەرێنى گەورەى لەسەر هاوڵاتییانى رۆژئاڤا دروستکردووە، پێشتر رۆژانە 20 تا 30 کەس کە نەخۆشى شێرپەنجە و نەخۆشییە قورسەکانى دیکەیان هەیە، لە رێگەى ئەم دەروازەیەوە بۆ چارەسەرى پزیشکى روویان لە هەرێمى کوردستان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو نەخۆش انە ناتوانن چارەسەر وەربگرن و مەترسى لەسەر ژیانیان دروستبووە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى زووم، وەستانى جوڵەى بازرگانى لە رێگەى دەروازەى پێشخابوورەوە، کاریگەرى نەرێنى لەسەر دۆخى بازاڕ لە شارەکانى رۆژئاڤاى کوردستان دروستکردووە، نرخى کەلوپەل و پێداویستییەکانى رۆژانە بە رێژەیەکى بەرچاو بەرزبووەتەوە، هەروەها بەهاى دۆلار بەرامبەر لیرەى سورى بەرزبووەتەوە.
دەروازەى پێشخابوور یاخود سێمالکا لە 11ى ئەم مانگەوە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە داخراوە، پێشتر بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى دەروازەى سێمالکا بە زوومى گوتبوو خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاڤا هیچ بڕیارێکى بۆ داخستنى دەروازەکە نەداوە، بەڵکو بڕیارەکە تاکلایەنە و لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە دراوە کە “ئەوان دەڵێن پارتى دیموکراتى کوردستان بڕیارەکەى داوە”.
لە بەرامبەردا ئیدارهی دهروازهی پێشخابوور ئەوکاتەى بڕیارى داخستنى دەروازەکە درا راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاڤا کە ئەو بە “پەیەدە” ناوى هێنابوو تۆمەتبارکردبوو بەوەى ویستوویەتى لە رێگەى دەروازەوەکەوە چەک و تەقەمەنى بگوازێتەوە بۆ نێو هەرێمى کوردستان بۆ ئهوهی دۆخی ئهمنی بشێوێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەڵگەیەکى بۆ ئەو تۆمەتبارکردنە نەخستبووە روو.
ئەمە جارى یەکەم نییە دەروازەى پێشخابوور دادەخرێت، بەڵکو پێشتریش چەندجارێکى دیکە دەروازەکە داخراوە، لە کۆتاییەکانى ساڵى 2021 بۆ ماوەى 40 رۆژ داخراو لەوکاتەدا بەرپرسانى رۆژئاڤا هاوشێوەى ئێستا گوتیان، تەنانەت بۆ حاڵەتە مرۆیی و پزیشکییەکانیش رێگە بەهاتوچۆکردن نەدراوە.
دەروازەى پێشخابوور لە خاکی هەرێمدا دەکەوێتە سنورى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆوە و لە دیوی رۆژئاڤای كوردستانيش دەکەوێتە سنورى پارێزگاى حەسەکەوە. لەنێوان دەروازەکەدا رووبارى دیجلە هەیە و بە پردێکى ئاسنین هەردوو بەرى دەروازەکە پێکەوە بەستراونەتەوە.