ئۆمید ئوزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، پشتگیری لە سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا دەکرد، لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەکاندا پشتگیری خۆی بۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ راگەیاند.
ئەمڕۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و ئومید ئوزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن لە ئەنقەرە کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکە ئوزداغ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا، بە شێوەیەکی فەرمی پشتگیری خۆی بۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ لە خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئاشکرا کرد کە بڕیارە لە 28ی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت.
پشتگیریکردنی ئوزداغ لە کلچدارئۆغلۆ، دەبێتە دوەم پارتی نێو هاوپەیمانی ئاتا کە پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن دەکات. پشتریش وەجدەت ئوز سەرۆکی پارتی دادوەری پشتگیری پارتەکەی بۆ کلچدارئۆغلۆ ئاشکرا کردبوو.
ئەوەی وایکرد هاوپەیمانەکانی سینان لێکهەڵوەشێن و پشتی تێبکەن، دەرئەنجامی بڕیارێکی سینان ئۆغان خۆی بوو کە راگەیاندبوو بۆ هەڵبژاردنی خولی دووەم پشتیوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات، ئەم بڕیارە وایکرد هاوپەیمانی ئاتا بەسەر دوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا دابەش ببن و لێکهەڵوەشێنەوە.
ئومید ئوزداغ لە تویتێکدا ئاشکرای کرد کە لەگەڵ کلچدارئۆغلۆ لەسەر دوو خاڵ رێککەوتوون. بەپێی قسەکانی ئوزداغ، خاڵی یەکەم پرسی قەیومەکانە کە تێبینی لەسەر هەیە و ئەگەر یاسای قەیوم نەمێنێت، ئەوا شارەوانیەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) چالاک دەبنەوە و ئەوەش مەترسی لەسەر تورکیا دروست دەکات، بە بۆچوونی ئوزداغ دەبێت پرسی قەیوم بە گوێرەی یاسا رێکبخرێتەوە و بە تەواوی کۆتایی پێنەهێندرێت.
خاڵی دوەمیش پرسی پەنابەرانە. ئوزداغ پێی وایە کە لە تورکیا 13 ملیۆن پەنابەری فەرمی و قاچاخ هەیە کە پێویستە بە زوترین کات رەوانەی وڵاتەکانیان بکرێنەوە، لەم بارەیەوە کلچدارئۆغلۆ بەڵێنی پێداوە کە ئەگەر سەربکەون لە هەڵبژاردنەکاندا، پۆستی وەزیری ناوخۆی تورکیای پێدەدرێت، لەسەر ئەم گفتەش ئوزداغ گوتوویەتی ” پەنابەران رەوانە دەکەمەوە.”
بەگوێرەی دابەشبوونەکەبیت، ئەو رێژە دەنگەی کە هاوپەیمانی ئاتا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی تورکیادا بەدەستی هێنابوو، بەسەر ئەردۆغان و کلچدارئۆغلۆدا دابەش دەبێت کە هاوپەیمانێتیەکە 5.17٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو.
بەگوێرەی راپرسیەکان و بۆچوونی چاودێران، دەنگدەرانی پێشووی سینان ئۆغان یاخود هاوپەیمانی ئاتا، زیاتر لە کلچدارئۆغلۆ نزیک دەبنەوە. ئەویش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە.
هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە کلچدارئۆغلۆ لە رێگەی بەدەست هێنانی پشتگیریی ئومێد ئوزداغەوە، دڵنیایی دەداتە ئەو بەشەی دەنگدەران کە یاسای قەیوم کۆتایی نایەت و پەنابەرانیش رەوانەی وڵاتانیان دەکرێنەوە. بەڵام لە بەرامبەریدا ئەردۆغان بە هیچ شێوەیەک بەڵێنێکی ئاشکرای بە سینان ئۆغان نەداوە کە رێگری لە فراوانبوونی هوداپار بگرێت و پەنابەران رەوانەی وڵاتانیان بکاتەوە. لەبەرئەوەی زۆربەی دەنگدەرانی پێشووی سینان ئۆغان ئەو کەسانە بوون کە تێبینیان لەسەر پەیوەندیەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەگەڵ هەدەپە و هوداپار هەبوو.
جگە لەمەش بە هیچ شێوەیەک هەبوونی پەنابەر لە وڵاتەکەیان پەسەند ناکەن، ئەم دەنگدەرانە بە چینێکی نەتەوەپەرستی سەرسەخت ناودەبرێن.