دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکەش، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە بڕیاریانداوە، جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بەجۆرێک کە داهات وخەرجیەکان و مووچەش دەبێت بەمەرکەزی و دابینکردنی مووچە لەسەرتاسەری هەرێم کاری لە پێشینەی حکومەت دەبێت.
ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بۆردێکی باڵای بۆ لابردنی ئاستەنگەکا پێکهێنرا.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم یەکێک بوو لەوکێشانەی نێوان پارتی و یەكێتی ، تا پێش کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی هەریەکە و ئەوی دیکەی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە زووڵم لە سلێمانی دەکەن، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەمرۆشیان بێت، دەیانەوێت تیمەکانی ئەنجومەنی وەزیران راسپێرن کێشەکە چارەسەربکەن.
جگە لەمە ئەنجومەنی وەزیران باسی بودجەی عێراقی کردووە و دەڵێت
پێویستە پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی ڕێكکەوتنی نێوان هەردوولا.
وادەردەکەوێت ئەنجومەنی وەزیران هەست بە مەترسی لەسەر بودجە بکات و دەڵێت، شاندی دانوستانکاری هەرێم بەردەوام دەبێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند و فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بە ئاراستەی پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم.
سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی ئەم 5 مانگەی ی ساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ کارکردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە ڕەوانەکردنی یەک لەسەر دوازدەی خەرجیەکانی هەرێم کە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی وردبینی کردووە.
ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێت هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، خەرجی بۆ هەرێمیش دابینبکرێت دەڵێت ،نابێت جیاکاریی بکرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
وادەردەکەوێت پەیوەندییەکانی نیوان پارتی و یەكێتی لەدوای دانیشتنەکەی پەرلەمانەوە گرژی تێکەوتبێت، بەڵام کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران وا ناڵێن، ئەوەی هەیە گرژی و شەڕەکەی پەرلەمانتارانی هەردوولا تەنها لەناو حەرەمی پەرلەمانە و ناچێتە ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
جگە لە پەرلەمان یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیش بەیاننامەی توندی بڵاوکردەوە، شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەئامادەبوونی چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەیان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی رێگریان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست هەروەها هەڵوێستی دوو رۆژی رابردووی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکە بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسی مایەی شانازییە بۆ یەکێتی
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە فراکسیۆنی یەکێتی کردووە رێگە نەدەن دامەزراوە یاساییەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاربهێنرێت و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەدار بکرێت
هەرچەندە یەکێتی و پارتی لەدوای گرژییەکانی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانەوە بەزمانی توند بەرامبەر یەکتری وەستاونەتەوە، بەڵام ئەمە تەنها لەناو حزب و پەرلەمانە و نەچووەتە بینای ئەنجومەنی وەزیرانەوە ولەوێ وادەرناکەویت کە هیچ کێشەیەکیان هەبێت.