ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جارى هەشتەم لەبارەى دۆسیەى درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە،بەڵام جارێکی دیکە دانیشتنەکەی بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخست.
دانیشتنی داهاتووی دادگاکە لەبارەی پەرلەمانەوە خراوەتەوە 30ی ئەم مانگەوە و هێشتا روون نییە کە لەدانیشتنی نۆیەمدا بڕیار دەدات یاخود نا، بەڵام ئەگەر درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان بە نا-دەستووریی دابنێت، ئەوا سەرجەم بڕیارەکانى پەرلەمان لەوماوەیەدا هەڵدەوەشێنەوە بە بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنیشەوە.
لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆوە، دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە زوومی راگەیاند، وردبینی زیاتر لە دۆسیەکەدا دەکرێ و کۆمسیۆنی عێراقیش بەفەرمی وەڵامی دادگای فیدڕاڵی داوەتەوە کە دەتوانێت هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوەببات.
وەرگرتنی ئەم وەڵامە فەرمیەی کۆمسیۆنی عێراق بۆ دادگای فیدڕاڵی کە ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەکاتێکدایە کە پارتی و یەكێتی کێشەیان لەسەرکۆمسیۆنەکەی هەرێم هەیە و پارتی دەڵێت پەرلەمان کاراکراوەتەوە وئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکات، بەڵام یەکێتی دژە و دەڵێت کارانەکراوەتەوە.
دادگای فیدڕاڵی لە دانیشتنی 24ى ئایار بانگێشتى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراقی کرد بۆ وەرگرتنى راوبۆچوونیان لەبارەى ئامادەییان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنى داھاتووی پەرلەمانى کوردستان، ئەوکات کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسى ھەرێم کارانەکرابووەوە. دووشەممەی رابردوو لە دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستاندا کە شەڕ و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانى یەکێتى و پارتى روویدا، پرسى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن برایە نێو دانیشتنەکەوە، فراکسیۆنى پارتى دەڵێت بە دەنگى 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆنیان کاراکردووەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتیش رەتیدەکاتەوە.
پەرلەمانی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا یاسایەکی دەرکرد و تەمەنی خۆی درێژکردەوە، ئەمە پاشئەوەی بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دواخرا.
ئەم درێژکردنەوەیە ناڕەزایی و کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەنجام جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەند کەسایەتییەکی دیکە لەنێویاندا د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پەنایان بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی برد و سکاڵایان تۆمارکرد. سکاڵاکارەکان پێیانوابوو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نا-دەستوورییە.
دادگاکە زیاتر لە شەش مانگە چەندین دانیشتنی لەبارەی دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەنجامداوە، گوێی لە هەردوو لایەنی بەرامبەر گرتووە، لەوکاتەوەی دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی وەرگرتووە، حەوت دانیشتنی ئەنجامداوە، هەر حەوت جارەکە دانیشتنەکەی دواخستووە.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردن هەیە، هەرچەندە فراکسیۆنى پارتى رایگەیاندووە لە دانیشتنەکەى دووشەممەی پەرلەماندا کۆمسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر دادگاى فیدراڵى لە دانیشتنەکەی 30ی ئەم مانگەدا بڕیاریدا بەوەى درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نا-دەستوورییە، ئەوا بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن هەڵدەوەشێتەوە و لەهەمانکاتدا پەرلەمان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربکاتەوە، لەو حاڵەتەشدا هەرێم دەکەوێتە نێو قەیرانێکى دیکەوە.
لەلایەکى دیکەوە رەنگە بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى ببێت بە دەرچەیەک بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە بەتایبەت ئەگەر هەرێم پابەند بێت پێوەى، لەو حاڵەتەشدا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە گوێرەی یاسا کۆنەکە دەبێت کە هەڵبژاردنەکانی 2018ی پێ ئەنجامدرا، هەروەها هەڵبژاردنەکە لەژێر سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا دەکرێت.
پشت بەستن بە یاسا کۆنەکەش لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەبێت، چونکە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێت بەبێ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بچێتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.