زووم:
مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، بەردەوام بەشێک بووە لەو رستانەی کە لە بەیاننامەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتان لە عێراق وهەرێمدا هەبووە و بڵاودەکرێنەوە.
هەرچەندە رێکخراوە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکانیش چاویان لەسەر ئەم پرسەیە، بەڵام هێشتا رۆژنامەگەری لە عێراق و هەرێم بەوشێوەیە نییە کە دڵخوازی میدیاکاران و نوێنەری وڵاتان بێت.
ئەوەی لە پێشتردا زۆرتر بەرامبەر میدیاکاران دەکرا هێرشی فیزیکی بوو، پەلاماردان و لێدان و گرتن و داخستنی میدیا بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ مانەوەی ئەمانەشدا هێرشی ئەلیکترۆنی زیادیکردووە.
هەرچەندە ئەمە تەکنیکێكی تازەی پێشلکاریییە بەرامبەر میدیا و میدیاکاران، بەڵام هێشتا نەتواندراوە بەقەبارەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بەرگری پێویست دروستبکرێت.
شارپرێس، کە دامەزراوەیەکى میدیایی هەرێمی کوردستانە، زیاتر لە هەفتەیەکە رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی بووەتەوە و بەوهۆیەوە پەڕەکەیان لە فەیسبووک لەدەستچووە.
لەبارەی ئەم پێشێلکارییە میدیاییەوە، رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ بەزوومی راگەیاند، ئیدانەی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە دەکەن کە کراوەتەوە سەر پەڕەی شارپرێس لە فەیسبووک.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە پەڕەی میدیاکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی دەبێتەوە هەر بۆیە سەنتەری میترۆ لەبارەی ئەم هێرشانەوە دەڵێت، هێرشی ئەلیکترۆنی چەکێکى تازەیە بۆ کپکردنی دەنگی میدیا، پێویستە میدیاکان لەرووی تەکنیکیەوە پاراستنی ماڵەپەڕ و پەڕەکانیان لە پلاتفۆرمە جیاوازەکان بەهێزتربکەن.
دامەزراوەی میدیایی زووم جگە لەوەی ئەرکى میدیایی خۆیەتی هەموو پێشلکارییەکی تایبەت بە مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان بڵاوبکاتەوە، هاوکات بەگوێرەی ئەو رێكکەوتننامەی لەگەڵ رێکخراوی پی ئێف پی ئەمریکی ئیمزای کردووە، گرنگی زیاتر بەباتەکە دەدات.
بەگوێرەى رێککەوتنەکەی نێوان زووم و پی ئێف پی، هەر پێشێلکارییەک کە زووم بڵاویبکاتەوە، رێكخراوە ئەمریکییەکە بەدواداچوونی خۆی بۆ دەکات و ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و حکومەتی عێراق و هەرێمی دەکات.