سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جارى هەشتەم لەبارەى دۆسیەى درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، هێشتا روون نییە کە دوایین بڕیار دەدات یاخود نا، بەڵام ئەگەر درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان بە نا-دەستووریی دابنێت، ئەوا سەرجەم بڕیارەکانى پەرلەمان لەوماوەیەدا هەڵدەوەشێنەوە بە بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنیشەوە.
دوایین دانیشتنى دادگای فیدراڵیی لەبارەى کەیسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان 3ى ئەم مانگەبوو، هەرچەندە وا پێشبینى دەکرا کە بڕیارى کۆتایی دەدرێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ 24ى ئایار واتە سبەى چوارشەممە دواخرا.
ئەوکات دادگاى باڵاى فیدراڵى بڕیارى دابوو بۆ دانیشتنى داهاتوو بانگێشتى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بکات بۆ وەرگرتنى راوبۆچوونیان لەبارەى ئامادەییان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنى داھاتووی پەرلەمانى کوردستان بەھۆی کارانەبوونی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسى ھەرێم.
بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لەکاتێکدابوو کۆمسیۆنى هەرێم هێشتا کارانەبوو، بەڵام دوێنێ لە دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستاندا کە شەڕ و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانى یەکێتى و پارتى روویدا، پرسى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن برایە نێو دانیشتنەکەوە، فراکسیۆنى پارتى دەڵێت بە دەنگى 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆنیان کاراکردووەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتیش رەتیدەکاتەوە.
پەرلەمانی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا یاسایەکی دەرکرد و تەمەنی خۆی درێژکردەوە، ئەمە پاشئەوەی بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دواخرا.
ئەم درێژکردنەوەیە ناڕەزایی و کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەنجام جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەند کەسایەتییەکی دیکە لەنێویاندا د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پەنایان بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی برد و سکاڵایان تۆمارکرد. سکاڵاکارەکان پێیانوابوو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نا-دەستوورییە.
دادگاکە زیاتر لە شەش مانگە چەندین دانیشتنی لەبارەی دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەنجامداوە، گوێی لە هەردوو لایەنی بەرامبەر گرتووە، لەوکاتەوەی دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی وەرگرتووە، حەوت دانیشتنی ئەنجامداوە، هەر حەوت جارەکە دانیشتنەکەی دواخستووە.
زووم بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە، لەگەڵ ئەو لایەنانە قسەی کرد کە سکاڵایان تۆمارکردووە، هێشتا روون نییە بڕیارەکەى سبەینێى دادگاى فیدراڵى چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە نا-دەستووریی دابنێت، ئەوا رەنگە قەیرانەکە قوڵتر بکاتەوە و رەنگیشە ببێتە فریادڕەس.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردن هەیە، هەرچەندە فراکسیۆنى پارتى رایگەیاندووە لە دانیشتنەکەى دوێنێ پەرلەماندا کۆمسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر دادگاى فیدراڵى بڕیاریدابەوەى درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نا-دەستوورییە، ئەوا بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن هەڵدەوەشێتەوە و لەهەمانکاتدا پەرلەمان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربکاتەوە، لەو حاڵەتەشدا هەرێم دەکەوێتە نێو قەیرانێکى دیکەوە.
بەڵام لەلایەکى دیکەوە رەنگە بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى ببێت بە دەرچەیەک بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە بەتایبەت ئەگەر هەرێم پابەند بێت پێوەى، لەو حاڵەتەشدا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە گوێرەی یاسا کۆنەکە دەبێت کە هەڵبژاردنەکانی 2018ی پێ ئەنجامدرا، هەروەها هەڵبژاردنەکە لەژێر سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا دەکرێت.
پشت بەستن بە یاسا کۆنەکەش لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەبێت، چونکە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێت بەبێ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بچێتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.