زووم، ئاژانسەکان
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە کەمبوونەوە و چەند ئاماژەیەکى کەمیش هەیە هەناردەى نەوت هەیە.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە دوای نزیکەی دوو مانگ لە وەستانی، چەند ئاماژەیەکی کەم هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 25ی ئازاردا بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە، تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت، چونکە دادگاکە تورکیای پابەندکرد کە دەبێت بڕی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بە عێراق بداتەوە.
رۆیتەرز دەڵێت دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆماوەی 59 رۆژ، حکومەتی هەرێم بڕی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
ئاژانسەکە دەڵێت هەرێم توانایەکی سنورداری هەیە بۆ عەمبارکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکان. ئەو کێڵگانەی رۆژانە بڕی 450 هەزار بەرمیلیان بەرهەم دەهێنا، کارەکانیان راگرت و لەوکاتەوە هیچ نەوتێک بەرهەم ناهێنن.
کۆمپانیای گێنێل ئینێرجی، کە رۆژانە 4 هەزار و 500 بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق بەرهەمدەهێنا، ئێستا لە کار وەستاوە. بەڵام کێڵگەی خورمەڵە لە ئێستادا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە مانگێک پێشتر ئەو کێڵگەیە 135 هەزار بەرمیلی بەرهەم دەهێنا.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە عێراق داوای لە تورکیا کردووە کە هەناردەی نەوتی هەرێم لە 13ی مانگ دەستپێبکاتەوە. بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەیەکی عێراقی، کۆمپانیای بۆتاشی تورکی رایگەیاند کاتی زیاتری پێویستە بۆ پشکنینەوەی بۆرییەکان بۆ ئەوەی توانای هەناردەکردنیان بزانرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نافەرمی تورکیا، تاوەکو ئێستا کۆمپانیای بۆتاش هیچ فەرمانێکی لە بەرپرسانی تورکیاوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم وەرنەگرتووە.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە، “پێمانوایە هەناردەی نەوت چەند هەفتەیەکی دیکەی پێویستە، نەک چەند رۆژێک، بۆ ئەوەی دەستپێبکاتەوە. کێشەکە زیاتر سیاسییە نەک تەکنیکی.”
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی عێراق پێشتر رایانگەیاندبوو کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە دواکەوتووە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێکیان بۆ ئاژانسەکە نەداوە.