زووم:
دوو رۆژە پەیوەندیییەکانی نێوان پارتی و یەكێتی بەرەو ئاڵۆزی دەچنەوە، لە دوێنێ نیوەڕۆەوە پەیوەندیییەکانیان هەڵکشان و داکشان بەخۆیەوە دەبینی، تەنانەت ئەمڕۆ لەپەرلەمان شەڕیان بوو بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیران بەبێ کێشەکۆبوونەوە.
سەرەتا باسی کۆبوونەکەی ئەمڕۆی هەردوو تیمی وزاری پارتی و یەكێتی دەکەین.
بە ئامادەبوونى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەیەک لەبارەى رێکخستنى دارایی گشتى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، کە خاڵێکى سەرەکى ئەو رێککەوتنەیە هەردوو تیمى پارتی و یەکێتتى پێش چەند رۆژێک کردیان و پاشان تیمى یەکێتى گەڕایەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران.
مەسرور بارزانى، لە پەڕەى خۆى نوسیویەتى، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تێیدا بە کۆی دەنگ بڕیاری رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم پەسەندکرا و سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران سەرپشککران بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزمیی بەپەلە بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
مەسرور بازانى دەڵێت، گفتوگۆمان لەبارەی داڕشتنی میکانیزمێکی تایبەت بە رێکخستنەوەی داهات و خەرجییە گشتییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کرد، جەختمان کردەوە دابینکردنی موچە وەک ئەولەویەتی خەرجیەکان و مامەڵە لەگەڵکردنی وەک خەرجییەکی سیادی، کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
دەشڵێت، خەرجیە گشتیەکانی دیکەش، پێویستە بەشێوەیەکی دادپەرورانە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری یەکخستنی ئەژمێری بانکی سەرجەم سەرچاوەکانی داهاتمان دا، لە سەرتاسەری هەرێمى کوردستان لە یەک حسابی بانکی و کۆتاییهێنان بە دابەشکاریی رێژەییدا.
مەسرور بارزانى رایگەیاندووە، دەبێت هەرچی زووە بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە پێکەوە ببسترێنەوە و ئەمەش جێبەجێ بکرێت، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و هەم بۆ برەودان بە شەفافیەت لە داهات و خەرجیەکان بە ئاراستەی داڕشتنی پلانی خەرجیی بە مەبەستی هێنانەدیی هاوسەنگیی لە نێوان داهات و خەرجیەکان.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە کاتێکدایە کە دوێنێ پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە بەڵام کۆبونەوەیەکی بێ رێککەوتن بوو، ئەمەش لەسەر فراکسینی هەردوولا رەنگی دایەوە.
دوای کۆبوونەوەکەی پیرمام فراکسیۆنی پارتی داوای لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانکرد کۆمسیۆن کارابکاتەوە و بڕگەکەش بخاتە بەرنامەی دانیشتنی ئەمڕۆوە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبێ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کەلەپشکی یەکێتیە رازی بێت، داواکارییەکەی پارتی خستە بەرنامەی کارەوە.
فراکسیۆنی یەکێتی هەرزوو وەڵامی ئەو هەنگاوەی دایەوەو رایگەیاند، داواکارییەکەی پارتی و بڕیارەکەی دەستەی سەرۆکایەتی ناپەیڕەوییە و سەرۆکی پەرلەمان ئیمزای نەکردووە، یەکێتی هۆشداری داو رایگەیاند، هەر شتێک رووبدات لە ئەستۆی پارتییە.
ئەمانە دوێنێ بوو، ئەمرۆ دانیشتن دەستیپێکرد، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دواخست بەڵام، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان بەوە رازی نەبوون و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیان خستە دەنگدانەوە، لەوکاتەدا گرژی لە نیوان هەردوو لا دروستبوو، لە ئەنجامی شەڕ و پشێویەکەدا، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەكێتی سەری شکا، پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت رووداوەکە لەلایەن یەکێتی خۆیەوە بووە.
ئیستا پارتی دەڵێت، کۆمسیۆن کاراکراوەتەوەو ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکات، بەڵام یەكێتی ئەمە رەت دەکاتەوە
هەرچەندە یەکێتی دەڵێت، کۆمسیۆن کارانەکراوتەوە دانیشتنەکە ناپەیڕەوییە، بەڵام هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەدەنگی پەرلەمانتاران کۆمسیۆن کاراکراوەتەوە و دانیشتنەکە پەیڕەوەی بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم یەکێتی واسەیری دۆخەکە دەکات، کە پارتی دەیەوێت هەرچۆنێتک بێت بەزووی کۆمسیۆن کارابکاتەوە و هەڵبژاردنی داهاتوو کۆمسیۆنی هەرێم بیکات نەک عێراق، ، چونکە رەنگە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دژی پەرلەمانی کوردستان بێت و دادگاکە ماوە درێژکراوەکەی پەرلەمان بەنادەستوری لە قەڵەمبدات، ئەوکاتەش پەرلەمان ناتوانێت کۆمسیۆن کارابکاتەوە.
هەربەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، یەکێتی پێشبینیەکی دیکەی بۆ هەڵوێستەکەی ئەمڕۆی پارتی هەیە و دەڵێت، پارتی دەیەوێت دوای کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ،یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربکاتەوە و بەزۆرینە تێیپەرێنێت ئەوکات،نە دەستکاری 11 کورسییەکە دەکرێت نە داوکارییەکانی یەکێتی لەبەرچاودەگیرێت.
زووم لە چەند سەرچاوەیەکی ناو پارتیەوە زانیویەتی کە پارتی دوودڵ و قەلەقە لە هەڵوێستەکانی یەكێتی و ئەویش گومانی هەیە و دەلێت یەكێتی نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت بۆیە داواکارییەکانی وەک بیانوو سەیردەکات.
ئەم كێشانەی پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن لەکاتیدایە کە ئەمریکاو نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا فشاریان لەهەردوو حزبەکە کردووە هەڵبژاردن لەمساڵدا بکەن، ئەمەش بێ هۆنییە ودەزانن ساردی و سستیەکەی پارتی و یەکێتی هەنگاو بۆ ئەوە دەنێت هەڵبژاردن بۆ جاری دووەم دوابخرێت.