زووم، ئاژانسەکان
سەرەکیترین پارتی پارێزگارە راستڕەوەکانی یۆنان سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی دوێنێی وڵاتەکەیان بەدەستهێنا. ئەمەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی خولی دووەمی هەڵبژاردن کە رەنگە زۆرینەی رەها لە پەرلەماندا بەدەستبهێنێت.
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، کە نزیکەی 10 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەبوو، پارتی دیموکراتی نوێ، کە پارتی کیریاکۆس میتسۆتاکیسی سەرۆکوەزیرانی ئێستای وڵاتەکەیە، بەرێژەی دوو هێندە لەپێش رکابەرە سەرەکییەکەی پارتی چەپی سیریزاوەیە.
نامانەوێت حکومەتى هاوپەیمانى پێکبهێنین
کیریاکۆس میتسۆتاکیسی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا
سەرەڕای ئەوەی پارتەکەی سەرۆکوەزیران، رێژەی 40%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە ناتوانێت بەو رێژەیە کۆنترۆڵی تەواوی پەرلەمانە 300 کورسییەکەی وڵاتەکەی بەدەستبهێنێت، چونکە پێنج کورسی لە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان کەمترە کە دەبێت 151 کورسی بێت بۆ ئەوەی بتوانیت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت.
بەوپێیەی سەرۆکوەزیران نایەوێت حکومەتی هاوپەیمانی پێکبهێنێت، هەڵبژاردنی دووەم لە کۆتایی مانگی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، ئەوکاتەی پارتی براوە بەگوێرەى جیاوازیی لە رێژەی دەنگەکانی، سەرەڕای ژمارەی ئەو کورسییانەی کە بەدەستی دەهێنێت، 20 بۆ 50 کورسی بە دیاریی پێدەدرێت و لەگەڵ ئەو کورسیانەی کە خۆی بەدەستی هێناوە بۆی هەژمار دەکرێت.
سەرەڕای ئاڵۆزیی سیستمەکە، هەڵبژاردنی دووەم چانسی زۆر دەدات بە پارتی براوە لە هەڵبژاردنی یەکەمدا.
کیریاکۆس کە دەرچوی زانکۆی هارڤاردە و پێشتر بەڕێوەبەریی بانکیی بووە، بەڵام لە ساڵی 2019دا بوو بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە. لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا، ئابوریی وڵاتەکە بەرێژەی 6% زیادیکردووە.
لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانیشدا، سەرۆکوەزیران بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گەشەی ئابوری وڵاتەکەی بەهەمانشێوەی ئێستای بەردەوام دەبێت. رەنگە هەر ئەمەش بووبێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا خەڵکی وڵاتەکە کاردانەوەیەکی ئەرێنییان بۆ پارتەکەی هەبوو کە لە چاوەڕاوانی لایەنە رکابەرەکەیدا نەبوو.
ئێستا سەرۆکوەزیران چاوی لەوەیە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت و کورسییە دیارییەکانی پێ بدرێت و بە خواستی خۆی کابینەکەی بۆ چوارساڵی دیکە هەڵبژێرێت.