زووم:
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات بەردەوامە، حەوت رۆژی دیکەش لە تورکیا بەڕێوەدەچێت.
هاوپەیمانی ئاتا بە سەرۆکایەتی سینان ئۆغان، کە لە خولی یەکەمدا زیاتر لەسەدا پێنجی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو. ئەم حەوت رۆژە کارەکتەرى سەرەکى کێبڕکێی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلچدارئۆغلۆ دەبێت.
ئەو هێشتا بە فەرمی پشتگیری لە هیچ کاندیدێک نەکردووە، بەڵام رۆژانە بۆ میدیاکان قسە دەکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات. ئەمڕۆ لە 11 خاڵدا ئامانجەکانی خۆى خستەڕوو.
سینان ئۆغان دەڵێت:
نەتەوەپەرستی تورک و ئەتاتورکبوونمان کردە رۆژەڤی سەرەکی تورکیا.
ئەو قسانەمان بەتاڵکردەوە کە دەڵێن هەدەپە ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە و نەتەوەپەرستی تورکمان کردە هۆکاری یەکلاییکردنەوەی پرسی هەڵبژاردن.
دەنگدەری نەتەوەپەرستی تورکمان لە ناوەندی سیاسەتدا جێگیرکرد، کە لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی کۆمار و گەلدا قەتیس ببوون.
کارێکمان کرد کە کوتلەیەکی بەهێزی نەتەوەپەرستی لە تورکیا ببینرێت و ئەمەش وایکردووە کوتلەی نەتەوەپەرستی فراوان ببێت.
کارێکمان کرد هەڵبژاردن بکەوێتە خولی دووەمەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بووین بە خاوەنی دەستکەوتێک، کە دەتوانین رۆژەڤی سەرەکی تورکیا بگۆڕین.
سینان ئۆغاان دەڵێت، ئێمە هۆشیارییەکی تەواومان سەبارەت بە پەنابەران دروستکردووە، بەم شێوەیە وامان کرد، کە هەردوو هاوپەیمانێتیەکە لەم رووەوە بەخۆیاندا بچنەوە.
کارێکمان کرد هەڵوێستی پرەنسیپی و ئیرادەدارمان لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە رێکخراوێکی تیرۆریستی وەک پەکەکە و فەتۆ کەمەبەست لیی گروپی فەتحولا گویلەنە ، جێگەی خۆی لە رەوتی سەرەکی سیاسەتدا بدۆزێتەوە.
رێگەمان لەوە گرت کە هەدەپە و هوداپار دەست بەسەر سیاسەتی تورکیادا بگرن.
هۆشیاریمان لەسەر چەندین پرسی وەک پرەنسیپە نەگۆڕەکانی دەستوور و تورکایەتی دروستکرد.
سینان ئۆغان دەڵێت، بە شێوازی سیاسەتکردنمان، قەدرزانی و پشتیوانی گەورەی کۆمەڵگاکەمان بەدەستهێناوە بۆ ئەم شێوازە سیاسەتە و پرەنسیپ و کوالیتییە بەرزەی، کە ئەنجامی دەدەین.
لە کاتێکدا شەقامی تورکیا چاوەڕێی قسەی کۆتایی سینان ئۆغان دەکات، بەڵام وەجدەت ئوز، سەرۆکی گشتی پارتی دادپەروەری، کە هاوپەیمانی سینان ئۆغانە ئاشکرایکرد پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەکات.
وەجدەت ئوز رایگەیاند، بەر لە هەموو شتێک پێویستە لە دەسەڵاتی ئەردۆغان رزگارمان ببێت و بۆیەش پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە، بەکر ئاغردر، کە لێکۆڵەرێکی سیاسی تورکیایە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئۆکسیژن ئاماژەی بە رۆڵی سینان ئۆغان لە یەکلاییکردنەوەی کێبڕکێی هەڵبژاردن کرد.
بەکر ئاغردر دەڵێت، ئەو کەسانەی کە دەنگیان بە سینان ئۆغان داوە، هەموویان ئەوانە نین، کە بەهۆی نەتەوەپەرستیانەوە دەنگیان پێی دابێت، بەڵکو ئەوانەن، کە لە ئەردۆغان ناڕازین و متمانەیان بە کلچدارئۆغلۆش نییە، بۆیە هەموو دەنگدەرانی هاوپەیمانی ئاتا، لەسەر قسەی سینان ئۆغان دەنگ بەو کاندیدە نادەن، کە سینان ئۆغان پشتیگیرى دەکات.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪، کەمال کلچدارئۆغلۆ 44.89٪، سینان ئۆغان و موحەڕەم ئینجەش نزیکەی 6٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژارندەکاندا 88٪ بوو، زیاتر لە ملیۆنێک و 20 هەزار دەنگیش هەژمار نەکران. هەروەها زیاتر لە 50 هەزار دەنگدەری نوێ هەیە. بەم شێوەیە زیاتر لە 18٪ی دەنگدەران، دەنگیان بە ئەردۆغان و کلچدارئۆغلۆ نەداوە و ئەم رێژەیەش دەتوانێت، هاوکێشەی هەڵبژاردن بگۆڕێت.