بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو کامێری خاڵ بۆ خاڵ جێ بەجێ دەکرێت و شۆفێران سزادەدرێن.
هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە لەمڕۆوە پرۆژەی کامێرای چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ دەکەوێتەکار، بەڵام بۆماوەی هەفتەیەک تاقیدەکەنەوە و شۆفیڕان سزانادەن.
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، وەکو هەنگاوی یەکەم ٢٤ کامێرا لە نێوان تاسڵوجە تا دوکان لەمڕۆوە تا یەک شەممەی داهاتوو تیژڕەوی تۆمار دەکەن بەڵام شوفێرانی سەرپێچیکار سزا نادرێن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هاتوچۆ لە دوو شەممەی داهاتووەوە لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە کامێراکان تیژرەوی تۆماردەکەن و شوفێری سەرپێچیکار سزا دەدرێن.
لەبارەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، لیوا عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم بەزوومی راگەیاند، ماوەیەکە سیستەمەکە لە هەولێر جێبەجێ کراوە، ئێستاش دەیانەوێت لە سلێمانی جێبەجێی بکەن، لەبارەی پارێزگای دهۆکەوە بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم گوتی، بەمنزیکانە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەوێش جێبەجێ دەکەن.
لەسەرەتای ساڵی رابردووە و لەگەڵ دانانی کامێراکان نیگەرانی لە لایەن پەرلەمانتاران و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، ئەوانەی نیگەرانن دەڵێن، داهاتی کامێراکان بەرێژەی لەسەدا 70ی بۆ کۆمپانیا دەبێت نەک حکومەت.
نیگەرانی هاوڵاتیان گەیشە ئەو ئاستەی زیاد لە جارێک تەقە لەو کامێرایانەی خاڵ بۆ خاڵ بکرێت کە لەنێوان دووکان و تاسڵوجە دانراون.
عەلی حەمە ساڵح یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی زۆر دژی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بوو، لەسەر لێدوانەکانیشی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و لایەنی بەرامبەر پێی وایە تەشهیر و زانیاری ناراستی بڵاوکردوەتەوە.
بە گوێرەى ئەم سیستمە، دوو کامێرا لە دووریەکی گونجاو لەیەکتر جێگیردەکرێن، ئەگەر ئۆتۆمبێلێک ماوەی نێوانیان بە کاتێکی کەمتر ببڕێت ئەوا کامێرای دووەم وەکو سەرپێچی تۆماری دەکات.
بۆ نموونە ئەگەر دوورى نێوان دوو کامێرا وا پێویست بکات شۆفێر بە 10 خولەک بیبڕێت، ئەوا دەبێت شۆفێر کاتێک دێتە ناو کامێراى یەکەمەوە بە ماوەى 10 خولەک کامێراى دووەم تێپەڕێنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر بە کاتێکى کەمتر بە نۆ خولەک و هەشت خولەک کامێراى دووەمى تێپەڕاند ئەوا سەرپێچى کردووە و بەخێرایی رۆیشتووە.
سیستمى کامێرای خاڵ بۆ خاڵ ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتانى جیهان پەیڕەودەکرێت، تەنانەت لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش وەکو کوەیت قەتەر سعوديە و ئێران، لە زۆرێک لەو وڵاتانە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
بەگوێرەى داتاکان لە شاری رۆتردامی هۆڵەندا بەهۆی سیستمی پۆینت تو پۆینت روداوەکانی هاتوچۆ بە رێژەى 47% و مردن بە رێژەى 25% کەمیان کردووە.
هەروەها لە ئیتاڵیا قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ بە رێژەی %50 بۆ %100 کەمیانکردوە، لە سکۆتلەنداش خێرایی بارهەڵگرەکان %90 و مردن %50 کەمیانکردووە.
لە هەرێمى کوردستان بەرپرسانی هاتوچۆ خێرایی بە هۆکاری سەرەکی روداوەکانی هاتوچۆ دادەنێن، بە گوێرەى ئامارەکان، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان نزیکەى چوار هەزار رووداو تۆمارکراون و بەهۆیانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت هەزار کەسیش برینداربوون.