هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستیپێکرد و هاوڵاتیانی تورکیا لە دەرەوەی وڵاتەکە دەتوانن لە کونسوڵخانە، باڵیۆزخانە و دەروازە سنوریەکان دەنگ بدەن.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا (یەسەکە) رایگەیاند، بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە 73 وڵات، لە 151 ناوەند، 167 سندوق دانراون.
هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارەی 24ی مانگ بەردەوام دەبێت. بەگوێرەی بڕیاری کۆمسیۆن، هاوڵاتیان دەتوانن لەم چوار رۆژەدا بە ئارەزوی خۆیان رۆژێک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و کاتیان بۆ دیاری نەکراوە.
لە 28ی ئایاردا کاتژمێر پێنجی ئێوارە، دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناوخۆی تورکیاش کۆتاییهات، دەنگەکانی دەرەوەی وڵات لە رێگەی ناوەندە دیپلۆماسییەکانەوە، رەوانەی تورکیا دەکرێن و دەگەیەندرێنە ناوەندی (ئاتۆ جانگریسیوم) لە ئەنقەرە.
چەند رۆژ لەمەوبەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڕیاریدابوو کە لە هەندێک وڵات، ماوەی دەنگدان لە پێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ کەم بکاتەوە کە ئەوانیش وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، ئوستوڕالیا، ئیرلەندا و بەریتانیا بوون، بەڵام کۆمسیۆن ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و لەو وڵاتانەی هەڵبژاردن پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
دوێنێ 19ی ئایار کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاماری فەرمی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی راگەیەند و ئاماژەی بەوەکرد، لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی 14ی ئایاردا، لە کۆی 64 ملیۆن و 145 هەزار و 504 دەنگدەر، 55 ملیۆن و 833 هەزار و 153 کەس دەنگیانداوە.
54 ملیۆن و 796 هەزار و 49 دەنگی پەسندکراون و ملیۆنێک و 37 هەزار و 104 دەنگی پووچەڵ کراون. لە دەرەوەی تورکیاش ملیۆنێک و 676 هەزار و 268 کەس و لە دەروازەکانیشدا 146 هەزار و 847 کەس دەنگیان داوە، واتە 53٪ی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو.
بەگوێرەی ئەنجامی فەرمییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ناوخۆی تورکیا 26 ملیۆن و 86 هەزار و 102 دەنگ، لە دەرەوەی تورکیا 967 هەزار و 180 دەنگ و لە دەروازە سنوریەکان 80 هەزار و 567 دەنگ و بە گشتی 27 ملیۆن و 133 هەزار و 849 دەنگی بەدەستهێناوە، واتە رێژەی دەنگەکانی 49.52٪ بووە.
کەمال کڵچدارئۆغڵوش؛ لە ناوخۆی تورکیا 23 ملیۆن و 873 هەزار و 749 دەنگ، لە دەرەوەی تورکیا 665 هەزار و 111 دەنگ و لە دەروازە سنوریەکان 56 هەزار و 318 دەنگ و بە گشتی 24 ملیۆن و 595 هەزار و 178 دەنگی بەدەستهێناوە واتە، رێژەی دەنگەکانی 44.88٪ بووە.
سینان ئۆغان دوو ملیۆن و 831 هەزار و 239 دەنگ و موحەڕەم ئینجەش 235 هەزار و 783 دەنگی بەدەستهێناوە.