زووم، ئاژانسەکان
دوێنێ هەینی لە هەریەک لە وڵاتی چین و ژاپۆن، دوو لوتکەی گرنگ، کە وەک دووبەرەی جیهانی سەیردەکرێت، بەڕێوەچوو، ئەوانیش لوتکەی گروپی G7 و لوتکەی چین و ئاسیای ناوەڕاست بوون.
گروپی G7 لە هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ژاپۆن، کەنەدا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا پێکدێت و لوتکەی ئەمساڵیان لە شاری هێرۆشیمیای ژاپۆن رێکخستووە، ئەو شارەی کە لەلایەن ئەمریکاوە لەساڵی 1945دا بە بۆمبی ئەتۆمی خاپورکرا. ئامانج لە لوتکەکە، کە لەلایەن 7 وڵاتی زلهێزی دیموکراتی جیهانەوە بەڕێوەدەبرێت، گفتوگۆکرنە لەسەر پرسە هەنوکەییەکانی جیهان وەک شەڕی ئۆکراین، ئابوری جیهانی و گۆڕانی کەشوهەوا.
لە هەمان کاتدا، لوتکەی چین و ئاسیای ناوەڕاستیش لە وڵاتی چین بە بەشداری چین، کازاخستان، قیرقیزستان، تاجیکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوریی، سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان ئەو پێنج وڵاتەیە و چین لە رێگەیەوە دەیەوێت ئەو پێنج وڵاتە ببن بە پردێک لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا.
بەشێکیش لە میدیا جیهانییەکان لوتکەکەی چین وەک هەنگاوێکی دیکەی ئەو وڵاتە دەبینن بۆ زیادکردنی هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا.
کۆبوونەوەی ئەو دوو بەرەیە لەکاتێکدایە جیهان روبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی ئابوری، ئەمنیی، سیاسیی و ژینگەیی بووەتەوە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کۆبوونەوەکەی چین وەک هەوڵێک وەسفدەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە وەک چین خۆی بیردەکەنەوە بۆ دروستکردنی بەرەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بەرەیەی جیهان کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات و هەوڵدەدەن “چین بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە.”
یەکێک لە پرسە گرنگەکانی کۆبونەوەکەی گروپی G7 تایبەتە بە پرسی گەشەسەندنی هەڕەشە ئابورییەکانی چین. بڕیار وایە ئەمڕۆ شەممە گروپەکە بەیاننامەیەک لەبارەی ئەو مەترسییانە بخەنەڕوو، کە بەهۆی هەژموونە ئابورییەکانی چینەوە وڵاتەکانیان روبەڕوی بوونەتەوە. جگە لەمەش، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئێستادا نیگەرانن لەوەی کە چین بەهۆی دەستڕاگەیشتنی بە چیپی ئەلیکترۆنییەوە گەشە بە کەرتی سەربازیی وڵاتەکەی دەدات.
کۆبوونەوەکەی چین و وڵاتانی ئاسیای ناوەراست لەکاتێکدایە کە هەژموونی روسیا لەو ناوچەیەدا بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە بەرەو لاوازبوون دەچێت، چین ئەمە وەک دەرفەت دەبینێت بۆ ئەوەی سەرکردایەتی ئەو ناوچەیە بگرێتە دەست. چین بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی لە بواری بۆری، رێگای خێرا و رێگای شەمەندەفەر لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستدا کردووە، کە هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی سامانی سروشتیی بۆ چین. لە ئێستادا زۆرێک لە شارەکانی چین پشت بە گازی سروشتی ئەو وڵاتانە دەبەستێت و بەشێکی دیکەش لە کێڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دابیندەکات.
لەبەرامبەر دەنگۆکانی گروپی G7، چین رایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێگەکانیان، وەک دەسەڵاتە گەورەکانی جیهان، بەکاردەهێنن و ئابوری و دیبلۆماسییەتی زۆرەملێی بەسەر جیهاندا دەسەپێنن.
سەرەڕای چین، پرسێکی سەرەکی دیکەی لوتکەی گروپی G7 بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی روسیایە بۆسەر ئۆکراین. لە دوایین هەوڵیاندا گروپەکە رایانگەیاند کە سزای نوێ بەسەر روسیادا دەسەپێنن. لە کۆبوونەوەکەی دوێندا، جەیک سولەیڤانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، “سەرۆک جۆ بایدن بە هاوپەیمانەکانی G7ی راگەیاندووە کە ئەمریکا رازیی بووە بەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوا فرۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، لەوانەش فرۆکەی F16ی ئەمریکی بۆ ئۆکراین بنێرن.”
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە ئۆکراین دەمێکە داوای فرۆکەی جەنگی لە رۆژئاوا دەکات، بەڵام وڵاتان ئەو داوایەیان رەتکردۆتەوە بەبیانوی ئەوەی شەڕەکە دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. بەڵام بەم هەنگاوە تازەیەی ئەمریکا، پێناچێت شەڕی ئۆکراین هەروا بە ئاسانیی کۆتایی بێت و جیهان لە چاوەڕوانی قەیرانی سەختتردا دەبێت.