ئەمڕۆ ئەو شەش مانگە کۆتایی هات کە کۆمسیۆن داوای دەکات بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات کە بەگوێرەى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدانى هەر هەڵبژاردنێکى گشتى لانیکەم شەش مانگى پێویستە.
بەگوێرەی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم دەبێت لە 18-11ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت بۆ ئەمەش کۆمسیۆن دەڵێت شەش مانگی پێویستە، ئەمرۆش ئەو وادەیە کۆتایی دێت و کەمتر لە شەش مانگ لەبەردەم کۆمسیۆن دەمێنێت.
باسکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جگە لەم شەش مانگە، تەگەرە و رێگری زۆرى لە بەردەمدایە.
گرنگترینیان رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسیەکانە لەسەر خاڵە ناکۆکانى پەیوەست بە هەڵبژاردن، چونکە ئەمە جاری دووەمە کاتەکەی دیاری دەکرێت و جاری یەکەم ساڵی رابردوو بوو بەڵام نەکراو دواخرا، رەنگە ئەم جارەش بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن بۆ جاری دووەم دوابخرێت.
لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێم دواخستنی هەڵبژاردن بابەتێکی گەرمە، لەسەر ئاستی دەرەوە هۆشداری دەدرێ و داوا دەکەن هەڵبژاردن لەمساڵدا ئەنجامبدرێت، تازەترینیان هۆشدارییە جەماعییەکەی نوێنەرانی 12 وڵات و یەکێتی ئەوروپابوو لە هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک ئاماژەیەک بە دواخستی هەڵبژاردن رایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردن بووە بە “پەڵەیەکی رەش” بەسەر هەرێمی کوردستانەوە.
پێشتریش کۆمەڵ و نەوەى نوێ هۆشدارییان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن داوە و نەیانشاردوەتەوە کە پارتی و یەكێتی هۆکاری دواخستنەکەن.
هەرچەندە پارتی دەیەوێت هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن لە خۆی دووربخاتەوە و سەرۆکی حزبەکە پێنج شەممەی رابردوو دەستپێشخەرییەکی راگەیاند و داوای لەلایەنەکان کرد تا پێش 18ى ئەم مانگە کۆببنەوە، بەڵام ئەمەش شکستی هێنا و لایەنەکان بەدەم داواکارییەکەی مەسعود بارزانییەوە نەچوون.
جگە لە لایەنەکان، ناروونییەکی دیکە هەیە بۆ کۆمسیۆن و کاتەکەی .
بەگوێرەی رای شارەزایانی بواری هەڵبژاردن، تاوەکو پەرلەمان بڕیاری یەكلاكەرەوە نەدات لەسەر یاسای هەڵبژاردن و وردەكارییەكانی بەتایبەت لەسەر شێوازەکەی کە فرەبازنەیی دەبێت یان یەك بازنەیی، ئەوا کۆمسیۆن ناتوانێت باس لە کاتی پێویست بۆ هەڵبژاردن و ئامادەکاری بکات، پارتی و یەکێتی لەسەر فرەبازنەو یەک بازنەش ناکۆکن، پارتی یەک بازنە و یەکێتیش فرەبازنەی دەوێت.
رێگرییەکی دیکە ئەوەیە هەڵبژاردنەکە بە كام تۆمارى دەنگدەران دەكرێت و ئەگەر بە تۆماری دەنگدەرانی عێراق بێت، ئەوا دەبێت داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت تۆمارەکە بنێرێت، کە شارەزایانی هەڵبژاردن دەڵێن ئەمە رۆتینی زۆرە و هیچ گەرەنتیەک نییە كۆمسیۆنی عێراق هاوكار بێت و ئاستەنگ دروست نەكات.
خاڵێکی دیکە کە رێگرە لەبەردەم کۆمسیۆن و هەڵبژاردن، کارانەکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمە، هێشتا پەرلەمانی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی نەخستوەتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی خۆیەوە.
ئەم رێگرییانە ناروونیان بۆ شارەزایانی هەڵبژاردن دروستکردووە و دەڵێن، تاوەکو ئەو رێگرییانە چارەسەرنەکرێن، دیاریکردنی کات بۆ هەڵبژاردن دروست نییە، چونکە رەنگە لە شەش مانگەکە زیاتری بوێت رەنگە بە پێچەوانەشەوە کەمتری بوێت.