بۆ هەڵبژاردنى خولى دووەمى سەرۆکایەتى تورکیا، کە رۆژى 28ى ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، سینان ئۆغان، کاندیدی سەرنەکەوتوى هاوپەیمانی ئاتا، وەک یاریکەرى سەرەکى کێبڕکێکە دەبینرێت.
ئەو لە خولی یەکەمى هەڵبژاردنەکەى رۆژى یەکشەممەدا، زیاتر لە 5٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پشتگیرى لە هەر کاندیدێک بکات، تای تەرازوى دەنگەکانى ئەو کاندیدە قورس دەکات.
هەڵبژاردنەکەى ئەمجارە بەتەنها لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدى دەسەڵات و کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆندایە.
لە خولى یەکەمدا ئەردۆغان زیاتر لە 49%ى دەنگەکانى بەدەستهێنا و کڵچدارئۆغلۆش نزیکەى 45% دەنگەکانى بەدەستهێنا. ئەگەر دەنگەکانى ئەردۆغان و کڵچدارئۆغلۆ و سینان ئۆغان وەک و خۆى بمێنێتەوە، لەو حاڵەتەدا سینان ئۆغان پشتگیرى لە هەر کاندیدێک بکات سەرکەوتوو دەبێت. ئەمەیە وایکردووە ئێستا وەک یاریکەرى سەرەکى ببینرێت و هەردوو کاندید هەوڵى قایلکردنى لە بەرژەوەندى خۆیان دەدەن، ئەویش کۆمەڵێک مەرجى هەیە و دەیەوێت تۆڕەکەى ئەوەندە ماسی بگرێت کە ئامانجێتى.
یەک لە مەرجە سەرەکییەکانى سینان ئۆغان وەرگرتنى پۆستێکى باڵاى حکومەتى داهاتووە، مەرجێکى دیکەی ئەوەیە کاندیدەکە نابێت پشتگیرى لە هەدەپە و هوداپار بکات، هەردوو پارتەکەش کوردین، هەدەپە پشتیوانى کڵچدارئۆغلۆیە و هوداپاریش پشتیوانى ئەردۆغانە.
سینان ئۆغان، کە بە سیاسییەکى نەتەوەپەرست ناسراوە نایشارێتەوە دژى ئەو لایەنانەیە کە پشتیوانى کورد لە تورکیا دەکەن.
سینان ئۆغان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى بە بڕوابەخۆبوونەوە دەڵێت، 70٪ی ئەوانەى لە خولى یەکەمدا دەنگیان پێداوە، لە خولی دووەمدا دەنگ بەو کاندیدە دەدەن، کە من پەسەندى دەکەم.
دەشڵێت، “لەم یەک دوو رۆژەدا، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات پەیوەندییان پێوە کردووم و نوسینگەى ئەردۆغانیش بەتایبەتی تەلەفونی بۆ کردم. منیش هیچ بەربەستێکم دانەناوە و دەتوانم لەگەڵ هەموو لایەنەکان دابنیشم و گوێیان لێبگرم.”
ئۆغان ئاماژەی بە مەرجی سەرەکی خۆی کرد بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدێک بدات و گوتی، “چاوم لە وەرگرتنى پۆستی جێگری سەرۆککۆمارى تورکیایە، تاوەکو ئەو پۆستە هەبێت، بیر لە وەرگرتنی وەزارەتێک ناکەمەوە.”
لە وڵامی پرسیارێکى رۆژنامەکەدا سەبارەت بەوەی کام کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی زیاتر پەسەند دەکات گوتى، “شێوەی کارکردنی ئەردۆغانم بە دڵە، بەڵام بە ئەندازەی پێویست گوێ لە چواردەورەکەی ناگرێت. لە بەرامبەریدا کلچدارئۆغلۆ خۆی ماندوو نەکردووە، بەڵام گرنگی بە بۆچوونی کەسانی دیکە دەدات.”
هەر پەیوەست بەم پرسە کورشاد ئۆغاز، کە رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی تورکیایە لە تویتێکدا نوسیویەتی، لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندیم بە سینان ئۆغانەوە کرد، ئەو پێیگوتم 19ی ئەم مانگە، واتە سبەینێ، هەڵوێستی خۆی بە فەرمی بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئاشکرا دەکات.
هاوپەیمانی ئاتا، کە لەسەر بناغەی نەژادپەرستی و دژایەتیکردنی پەنابەران دروستبووە، لە پارتی سەرکەوتن، پارتی داد، پارتی راست، پارتی هاوپەیمانی تورکیا و پارتی نیشتیمانەکەم پێکهاتووە. پارتی سەرکەوتن پارتی سەرەکی هاوپەیمانێتیەکەیە.
هەر ئەمڕۆ ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئاییندە کە هاوپەیمانی کەمال کلچدارئۆغلۆوە لەگەڵ سینان ئۆغان کۆبووە. بەگوێرەی زانیاریەکانی کەناڵی (هاڵک تی ڤی) کە لە سەرچاوەیەکی نێو پارتی ئاییندەوە دەستی کەوتووە، کۆبونەوەکەیان ئەرێنی بووە.
هاوکات ماڵپەڕى ئاڕتى گەرچەکى نزیک لە هەدەپە ئاشکرایکرد، سبەى کڵچدارئۆغلۆ لەگەڵ سینان ئۆغان کۆدەبێتەوە.
هەر ئەمڕۆ کەمال کلچدار ئۆغلۆ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیەوە رایگەیاند، ئەوان بە وردی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ هەر سندوقێک پێویستیان بە پێنج چاودێر هەیە.
کلچدارئۆغلۆ گوتی، ” دوو کاندید بە دوو تێگەیشتنی جیاواز لەبەردەم گەلەکەماندان. بانگەشەی هەڵبژاردن لەژێر تۆمەتەکانی ئەردۆغان بەڕێوە چووە. دەڵێت، دەمویست کەسێکی مەرد رکابەرایەتی منی بکردایە.”
کلچدارئۆغلۆ لە قسەکانیدا ئاماژەی بە خاڵێک کرد کە یەکێک لە مەرجەکانی سینان ئۆغانە، کە ئەویش پرسی پەنابەرانە و گوتی، ” دەسەڵات 10 ملیۆن پەنابەرای هێناوەتە تورکیا و ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات هەموو پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان دەنێرێتەوە.”