لەگەڵ کۆتاییهاتنى وەرزى دۆمەڵان، ئامارێکى سەرنجڕاکێش لەبارەى ئەو کەسانە بڵاوکرایەوە کە ئەمساڵ لە سوریا لەکاتى کۆکردنەوەى ئەو بەرهەمە بەهارییەدا کوژراون یاخود بریندارکراون یان رفێنراون و تائێستاش چارەنووسیان نادیارە.
دۆمەڵان لە چوارچێوەى گیا و بەرهەمە بەهارییەکاندا پۆلێنکراوە و ساڵانە لەنێوان مانگی شوبات تا کۆتایی مانگی نیسان بە زۆرى لە ناوچە دەشت و بیابانییەکاندا دروست دەبێت، کە لەدوای بارانبارین و بەهۆی کارلێکی نایترۆجینییەوە گەشەدەکات بە تایبەت لە پاش روودانى هەورەبروسکە و رەشەبا.
دۆمەڵان خواستێکى زۆرى لەسەرە و ئەمەش واى کردووە نرخەکەى لە بازاڕدا بە رادەیەکى بەرچاو بەرزببێتەوە، کە زۆرجار کیلۆیەک دۆمەڵان لە کیلۆیەک گۆشتى سوور گرانترە.
هەر لەبەرئەوەى ئەم بەرهەمە قازانجێکى باش دەکات، ساڵانە زۆر کەس لە وەرزى بەهاردا بۆ کۆکردنەوەى دۆمەڵان روو لە دەشت و بیابانەکان دەکەن و دەیکەنە سەرچاوەى داهاتى خۆیان. سوریاش یەکێکە لەو وڵاتانەى کە دەوڵەمەندە بەم بەرهەمە و بە زۆرى لە ناوچە بیابانییەکانى ئەو وڵاتەدا گەشەدەکات. بەڵام زۆرجار کەسانی کۆکەرەوەی دۆمەڵان لە سوریا دووچاری مەترسی زۆر دەبنەوە و لەلایەن گروپە چەکدارییەکانەوە بە ئامانج دەگیرێن بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە.
ئاژانسی “نۆرس پرێس” کە بایەخ بە هەواڵەکانى رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا دەدات، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات لە ماوەى وەرزى دۆمەڵانى ئەمساڵدا لە هەموو ناوچەکانى سوریادا لانیکەم 266 کەس لەکاتى کۆکردنەوەى دۆمەڵان کوژراون و برینداربوون ئەمەش لە ئەنجامی هێرش و تەقینەوە و پاشماوەکانی جەنگ.
وەکو ئاژانسەکە ئاماژەى پێکردووە لەو ژمارەیە 205 کەسیان کوژراون کە لە “13 ژن، 164 پیاو و 28 سەرباز”پێکدێن، هەروەها 61 کەسیان بریندارکراون کە لە “51 پیاو، 6 سەرباز و 4 منداڵ” پێکدێن.
هەروەها قوربانییەکان بەپێی ناوچەکانى سوریا بەمجۆرە دابەشدەبن، حمس 92 کوژراو و 15 بریندار، دێرەزوور 59 کوژراو و 26 بریندار، حەما 45 کوژراو و 20 بریندار، حەلەب 3 کوژراو و رەققە 6 کوژراو. ئەمە سەربارى ئەوەى کە بە دەیان کۆکەرەوەی دۆمەڵان لە بیابانەکان رفێندراون و تائێستا چارەنوسیان نادیارە.
لە سوریا بەگوێرەى قەبارە و کوالیتییەکەی کیلۆیەک دۆمەڵان بە 5 تا 25 دۆلار دەفرۆشرێت. لەکاتێکدا ئێستا کیلۆکەیەک گۆشتى سوور لە سوریا و رۆژئاڤاى کوردستان بە نزیکەى 6 دۆلارە.