زووم:
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تورکیا تاوەکو ئێوارەى دوێنێ، تانەى پارتەکانى لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا وەردەگرت. هەریەکە لە پارتی چەپی سەوز و جەهەپەش لەو سندوقانەى گومانیان لەسەرى هەیە تانەیان لێداوە، کە نزیکەى 120 هەزار سندوقە.
هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، کە لە پارتی چەپی سەوز و لایەنە چەپەکانی تورکیا پێکدێت و لە هەڵبژاردنەکاندا 10.5٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە دەڵێن، لە زۆربەی شارەکانی باکوری کوردستان، دەنگی ئەوان بۆ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) و پارتی رەفاحی نوێ دانراوە، جگەلەوەش لەو سندوقانەی دەنگی ئەوانی تێیدا زۆرە، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکان هەژمار نەکراون.
ناوەندی هەماهەنگی پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ هەڵبژاردن ئامارێکی لەبارەی دەنگە هەژمار نەکراوەکان بڵاوکردەوە دەڵێت، لە ئاگری 5.11٪ ، لە چەولک 4.95٪، لە وان 4.85٪، لە سێرت 4.81٪، لە جۆلەمێرگ 4.54٪، لە بارتین 4.53٪، لە ئەردەخان 4.39٪، لە ئامەد 4.35٪، لە روحا 4.34٪، لە باتمان 4.22%، لە قەرس 4.16٪، لە بتڵیس 4.16٪، لە زونگولداغ 4.11٪، لە ئیدر 4.4٪، لە سینۆپ 4.1٪، لە موش 3.80٪، لە سەمسور 3.53٪، لە خارپێت 3.67٪، لە مێردین 3.64٪، لە بوردور 3.53٪، لە شڕنەخ 3.49٪ی دەنگەکان بە دەنگی هەژمار نەکراو دانراون.
واتە لەو 21 پارێزگایەى باکوری کوردستان و تورکیا، 274 هەزار و 694 دەنگ هەژمار نەکراون.
محەمەد روشتو تریاکی، گوتەبێژی ناوەندی هەماهەنگی هەڵبژاردنەکانی هەدەپە، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە زۆر سندوقی دەنگداندا، بە هەڵە لە لیستی تۆماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا تۆمار کراون.
تریاکی دەڵێت، ” بەگوێرەی لێکۆڵینەکانمان، دەرکەوتووە دەنگی پارتەکانمان بۆ پارتەکانی دیکە هەژمارکراوە، بۆ نمونە، سندوقی وەها هەیە پارتەکەمان 230 دەنگی بەدەستهێناوە، کەچی 10 دەنگ یان دوو دەنگ بۆ پارتەکەمان هەژمارکراوە. ئەو دەڵێت، ئێمە سکاڵانمان تۆمار کردووە و لە هەندێک جێگە ئەنجاممان بەدەستهێناوە.”
گوتیشی، ” هەڵە لە 193 هەزار سندوقدا هەیە و سکاڵامان تۆمارکردووە و خاوەنداری لە دەنگەکانمان دەکەین.”
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئارتی گەرچەک، یەکێک لەو شارانەی پارتی چەپی سەوز ئەنجامی تێیدا بەدەستهێناوە، شاری ئامەدە. لە ئامەد هەزار و 750 دەنگی پارتی چەپی سەوز بۆ پارتەکانی دیکە هەژمارکراوە، بەڵام دواتر بۆ پارتەکە گەڕێندرانەوە. لە شاری مێردین و روحای باکوری کوردستانیش تانەکانی پارتی چەپی سەوز ئەنجامیان بەدەستهێناوە و باسی ئەوە دەکرێت کە لە روحا پارتی چەپی سەوز پەرلەمانتارێکی دیکەی سەرکەوتووە و ژمارەی پەرلەمانتارانی گەیشتووەتە پێنج پەرلەمانتار لەو شارە.
محەڕەم ئەرکەک، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەبارەی پرسی ساختەکاری و هەڵەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دوێنی بەر لە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ تانەکانمان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە و گوتی، ” بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانمان دەرکەوت ئەنجامی دوو هەزار و 269 سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە هەڵە تۆمار کراون. بۆ نمونە لە سندوقی ژمارە هەزار و 374ی قوتابخانەی سوڵتانگازی نوری پاکدلی ئەستەنبوڵ، کلچدارئۆغلۆ 260 دەنگی هێناوە بەڵام، 76 دەنگی بۆ هەژمارکراوە. هەروەها لە هەندێک قوتابخانەی دیکە دەنگی کلچدارئۆغلۆ کەمتر هەژمارکراوە و دراون بە موحەڕەم ئینجە.”
ئەو بەرپرسەی جەهەپە ئاماژەی بەوەکرد دەرکەوتووە ئەنجامی چوار هەزار و 825 سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە هەڵە تۆمار کراون. بە جۆرێک کە دەنگەکانی پارتی باش و جەهەپە کەمتر هەژمارکراوە و بەشێک لە دەنگەکانیشیان بۆ پارتەکانی دەسەڵات هەژمارکراوە.
تاوەکو ئێستا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا وڵامی تانەکانی پارتی چەپی سەوز و جەهەپەى بەتەواوەتی نەداوەتەوە، بۆیە تاوەکو ئەم پرسە یەکلایی نەکرێتەوە، کۆمسیۆن ناتوانێت ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رابگەیەنێت.