زووم:
ئەمڕۆ هەواڵى ناردنى 400 ملیار دینارى دیکە بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنى، هەواڵەکە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوە و رایگەیاند، پارەکە بە دوو جار نێردراوە، 200 ملیار بۆ بانکی رافیدەین و 200 ملیاری دیکەش بۆ بانکی رەشید.
ئەو کاتەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم زانیارییەکەی بڵاوکردەوە، بەشی دووەمی پارەکە رێکاری ئیداری مابوو، بەڵام رەنگە تا چەند کاتژمێری داهاتوو 200 ملیارەکەی دیکەش بخرێتە سەر حسابەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم.
ناردنی ئەم 400 ملیارە لەکاتێدایە کە چوار شەممەی پێشوو بەغداد 400 ملیاری دیکەی بۆ هەرێمى کوردستان نارد، پاش ئەوە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەى مانگی چواری بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم خۆی دەڵێت، داهاتی ناوخۆ 200 ملیارە بەم 800 ملیارە و 26 ملیار دیناری هاوپەیمانان کە بۆ لیوا هاوبەشەکانى پێشمەرگە دابینى دەکەن، یەک تریلیۆن و 26 ملیار دینار لەبەردەستى وەزارەتى دارایی دا هەیە.
حکومەتى هەرێم بۆ مووچە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە، کەواتە، زیاتر لە 100 ملیار دیناری دیکەش دەمێنێتەوە لە موچە.
هەرچەندە لێدوانی بەرپرسانی سیاسی و بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان، گومانی خستووەتە سەر داهاتی ناوخۆ و ئەوان زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی رەتدەکەنەوە و دەڵێن، داهاتی ناخۆ 200 ملیار نییە، بەڵکو نزیکەی 350 ملیار دینارە، بەڵام تەنها 200 ملیاری بۆ وەزارەتی دارای دەنێردرێت.
لێرەدا دەچینە سەر باسی لیستی مووچەی مانگی چوار، کە وەزارەتی دارایی 10ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە و بەگوێرەی لیستەکەش دابەشکردنی مووچە، 17 رۆژی پێدەچێت و رۆژى 31ی ئەم مانگە کۆتایی دێت.
زووم لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی تایبەتی خۆیەوە هەوڵیدا وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستبکەوێت، کە ئایا بە ناردنی ئەم 400 ملیارەی ئەمڕۆ، وەزارەتى دارایی، پرۆسەى دابەشکردنى موچە خێرا دەکات و گۆڕانکارى لە لیستەکەدا دەکات، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەى دەستى زووم کەوتووە، وەزرەتی دارایی هیچ پلانێکی بۆ گۆڕانکارى لە لیستى موچەدا نییە و ناشیەوێت لەبارەى ناردنی 400 ملیارەکەی بەغداد و دابەشکردنی موچە هیچ قسەیەک بکات.