دەسەڵاتدارانی روسیا دوێنێ سێشەممە، 17ی ئایاری 2023، نمایشی فیلمێکی ئێرانییان راگرت کە چیرۆکی فیلمەکە لەبارەی بکوژێکە کە بە دوای کوشتنی ژنانی لەشفرۆشەوەیە، راگرتنی فیلمەکە لە دوای کەمتر لە هەفتەیەکە لە نمایشکردنی لە بەشێک لە سینەماکانی روسیا.
“جاڵجاڵۆکەی پیرۆز holy spider” ناوی فیلمەکەیە، دەرهێنەری فیلمەکە هاوڵاتیەکی دانیمارکی بە رەگەز ئێرانیە بە ناوی عەلی عەباس. فیلمەکە بەشداریکردووە لە فێستیڤاڵی سینەمایی کان لە ساڵی 2022.
بەو پێیەی رێگەنەدراوە لەنێو ئێران فیلمەکە وێنەبگیرێت، بۆیە لە وڵاتی ئوردن وێنەى گیراوە.
چیرۆکی فیلمەکە لە چیرۆکێکی راستەقینە وەرگیراوە، کە جەنگاوەرێکی کۆنی جەنگی ئێران-عێراق لەسەرەتای ساڵی 2000 هەڵدەستێت بە کوشتنی 16 ژنی لەشفرۆش لە شاری مەشهەدی ئێران.
فیلمەکە لە 11ی ئایارەوە لە سینەماکانی روسیا پەخشدەکرێت، بەڵام دوێنێ وەزارەتی رۆشنبیری روسیا مۆڵەتی دابەشکردن و پەخشی لە فیلمەکە سەندەوە، وەزارەتەکە لەبارەی هۆکاری وەستاندنی پەخشی فیلمەکە تەنها بە دێرێک دەڵێت، فیلمەکە هەندێک بابەت لەخۆدەگرێت کە پێچەوانەی یاساکانی روسیایە.
ئەناستاسیا کروگلیاکۆڤا، نوێنەری کۆمپانیای دابەشکەری فیلمەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە “بەداخەوە هەواڵەکە راستە”.
بەهۆی رۆڵەکەی لەم فیلمەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت لە فێستیڤاڵی کان
زارا ئەمیر ئیبراهیمی
زارا ئەمیر ئیبراهیمی، بەهۆی رۆڵەکەی لەم فیلمەدا ساڵی 2022 خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت لە فێستیڤاڵی سینەمایی کان. زارا رۆڵی رۆژنامەنوسێک دەبینێت کە لە دۆسیەی کوشتنی لەشفرۆشەکان دەکۆڵێتەوە.
ئێران دژی فیلمە سینەماییەکەیە و ناڕەزایەتی بەرامبەر فەرەنسا پیشاندا، بەهۆی هەڵبژاردن و بەشداریپێکردنی ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی کان، ئێران گوتی “فیلمەکە هەم خراپە هەم سیاسیە”.