زووم، رۆیتەرز
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی ئەمریکییەوە رایگەیاند، پێدەچێت سیستمی بەرگری دژە موشەکی پاتریۆتی ئەمریکی کە لەلایەن ئۆکراینەوە بەکاردەهێندرێت، بەهۆی موشەکی هایپەر سۆنیکی روسی زیانی بەرکەوتبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە کە سیستمەکە تێکشکاوە یان نا.
سیستمی پاتریۆت یەکێکە لە سیستەمە ئاڵۆزەکانی بەرگری کە لەلایەن رۆژئاواوە بۆ بەرپرچدانەوەی هێرشە موشەکییەکانی روسیا بۆ ئۆکراین دابینکراوە، چونکە موشەکەکانی روسیا چەندین ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییان لە سەرەتای لەشکرکێشی بۆسەر ئۆکراین کردە ئامانج و زیانێکی زۆری پێگەیاندن.
بەرپرسە ئەمریکییەکان، بە مەرجی ئەوەی ناویان ئاشکرا نەکرێت، بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، واشنتن و کیێڤ لە گفتوگۆدان لەبارەی ئەوەی بەباشترین رێگا سیستمەکە چاک بکەنەوە و لەم ساتەشدا هیچ روون نییە کە سیستمەکە لە ئۆکراین لادەبرێت یان نا.
ئاماژەیان بەوەشداوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمریکا باشتر لە دۆخەکە تێدەگات و بەتێپەڕبوونی کات زانیارییەکان لەو بارەیەوە دەگۆڕێن.
سیستمی پاتریۆت یەکێکە لە هەرە داهێنانە پێشکەوتووە سەربازییەکانی ئەمریکا کە توانای بەرپەرچدانەوەی موشەکی کروز و بالیستی و فڕۆکەی جەنگیی هەیە. سیستمەکە لە کۆمەڵێک بەشی هەڵدانی موشەکی بەرگریی و رادار و ئامێری گواستنەوەی گەورە پێکدێت.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی بەریگری روسیا دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، کە توانیویانە لە هێرشیکی موشەکی کینژاڵی هایپەرسۆنیک بۆسەر ئۆکراین، سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی ئەمریکی تێکبشکێنن.
بەڵام بەرپرسانی ئۆکراین پێشتر رایانگەیاندبوو کە لە بەرەبەیانی هەمان رۆژدا توانیویانە 18 موشەکی روسیا بەرلەوەی ئامانجەکانیان بپێکن، لە ئاسمان بتەقێننەوە و پوچەڵیان بکەنەوە، کە شەش دانەیان لە جۆری هایپەرسۆنیک بوون و بە یەکێک لە پێشکەوتووترین موشەکی روسیا دادەنرێت، ئەو موشەکەی کە روسیا دەڵێت هەرگیز تێک ناشکێنرێت.