داخستنى دەروازەى پێشخابوور لەنێوان هەرێم و رۆژئاڤاى کوردستان پێینایە رۆژى پێنجەمەوە و حکومەتى هەرێم و خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاڤاش یەکدى بەهۆکارى داخستنەکە تۆمەتباردەکەن. زووم بەدواداچوون بۆ کاریگەری داخستنى دەروازەکە دەکات.
پێنجشەممەى رابردوو 11ى ئایار، دەروازەى پێشخابوور جارێکى دیکە داخرایەوە و تائێستاش هیچ هیوایەک نییە کە بەمنزیکانە بکرێتەوە. سەربارى ئەوە دوو رۆژى دیکە ئەو مۆڵەتە کۆتایی دێت کە پێشتر دیاریکرابوو تاوەکو ئەوانەى لە هەردوو دیون بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان.
ئەم دەروازەیە کە لە ئێستادا تاکە دەروازەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان، دوو ناوی جیاوازی هەیە، لەدیوى هەرێم “پێشخابوور” و لەدیوى رۆژئاڤایش “سێمالکا”ى پێدەگوترێت.
دەروازەکە لە خاکی هەرێمدا دەکەوێتە سنورى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆوە و لە دیوی رۆژئاڤای كوردستانيش دەکەوێتە سنورى پارێزگاى حەسەکەوە. لەنێوان دەروازەکەدا رووبارى دیجلە هەیە و بە پردێک پێشخابوور و سێمالکا پێکەوە بەستراونەتەوە.
زوومى رۆژئاڤا بەدواداچوونى بۆ داخستنى دەروازەکە کردووە و لەوبارەیەوە قسەى لەگەڵ باز ئەحمەد، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى دەروازەى سێمالکا کردووە، باز ئەحمەد دەڵێت دەروازەکە تەنها بۆ ئیدارەى رۆژئاڤا گرنگ نییە، بەڵکو وەکو شادەمارى ژیانە بۆ هاوڵاتیانى رۆژئاڤاى کوردستان بە تایبەت بۆ کەسانى نەخۆش و گواستنەوەى دەرمان و هاوکاریی مرۆیی.
گوتیشى خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاڤا هیچ بڕیارێکى بۆ داخستنى دەروازەکە نەداوە، بەڵکو بڕیارەکە تاکلایەنە و لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە دراوە کە ئەوان دەڵێن پارتى دیموکراتى کوردستان بڕیارەکەى داوە.
بەگوتەى باز ئەحمەد ئێوارەى رۆژى پێنجشەممەى رابردوو بەرپرسانى دەروازەى پێشخابوور لەڕێى تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە بەرپرسانى دەروازەى سێمالکاوە کردووە و پێیانگوتن بڕیارى داخستنى دەروازەکە دراوە و تەنها یەک هەفتە مۆڵەت هەیە بۆ ئەو کەسانەى کە لەرۆژئاڤاوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان، یاخود بە پێچەوانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە رۆژئاڤا، ئێستایش ئەم مۆڵەتە تەنها دووى رۆژى ماوە.
زوومى رۆژئاڤا بەدواداچوونى زیاترى بۆ داخستنى دەروازەى پێشخابوور کردووە و بۆى دەرکەوتووە بەهۆى بڕیارەکەوە کارمەندانى مرۆیی بیانى کە لە رۆژئاڤاى کوردستان کاردەکەن، ئامادەکاریی دەکەن تاوەکو پێش تەواوبوونى مۆڵەتەکە ناوچەکانى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا جێبهێڵن.
لە بەرامبەردا ئیدارهی دهروازهی پێشخابووریش قسەى خۆى هەیە و بەرپرسانى خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاڤا و پارتى یەکێتى دیموکرات “پەیەدە” تۆمەتباردەکات بەوەى پێشێلى رێککەوتنەکانیان کردووە کە لەبارەى ئیدارەدانى دەروازەکە لەنێوان هەردوولادا هەن.
دهروازهی پێشخابوور لە راگەیەنراوێکدا بە زمانێکى توند وەڵامى بەرپرسانى رۆژئاڤا دەداتەوە و دەڵێت، چیتر دهرفهت بۆ راكردن له راستییهكان بۆ پهیهده و ئیدارهكهی فهراههم نییه. كه ههمیشه كار لهسهر خوڵقاندنی قهیران دهكات و بهردهوامیش گهلی ئێمه له كوردستانی سوریا باجهكهی دهدات.
دەشڵێت، دهروازهکە به فهرمانی مهسعود بارزانی و لهپێناو یارمهتیدانی گهلی كوردستان له سوریا كراوهتهوه و ههرێمی كوردستان چهندینجار جهختی لهسهر گرنگی مانهوهی دهروازهكه بۆ خزمهتگوزاری مرۆیی كردووهتهوه، هەروەها سێ رێککەوتن لەنێوان هەردوولادا تایبەت بە دەروازەکە کراوە، بەڵام ههمیشه پهیهده پێشێلی رێككهوتنهكانی كردووه.
راگەیەنراوەکەى دەروازەى پێشخابوور، خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاڤا تۆمەتباردەکات بەوەى کە ویستوویەتى چەک و تەقەمەنى بگوازێتەوە بۆ نێو هەرێمى کوردستان، لەوباریەوە دەڵێت: پهیهده دهزانێت كه ویستوویهتی له رێگهی ئهو دهروازهیه و سنوورهكانهوه چهك و تهقهمهنی بگوازێتهوه بۆ نێو ههرێمی كوردستان، بۆ ئهوهی دۆخی ئهمنی بشێوێنێت، هێزهكانی هاوپهیمانی نێودهوڵهتیش زانیارییان لهوبارهیهوه ههیه. بەڵام پەیەدە و خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاڤا تائێستا وەڵامى ئەم تۆمەتبارکردنەیان نەداوەتەوە.
ئەمە جارى یەکەم نییە کە دەروازەى پێشخابوور دادەخرێت و نیگەرانى رۆژئاڤاى کوردستانى لێدەکەوێتەوە بەڵکو پێشتریش چەندجارێکى دیکە دەروازەکە داخراوە، لە کۆتاییەکانى ساڵى 2021 بۆ ماوەى 40 رۆژ داخراو لەوکاتەدا بەرپرسانى رۆژئاڤا گوتیان، تەنانەت بۆ حاڵەتە مرۆیی و پزیشکییەکانیش رێگە بەهاتوچۆکردن نەدراوە.