رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ هەڵبژاردن، ئەمریکا و ئەروپای هێنایەوە سەرخەت.
ئەم دوو حزبە دوای هەوڵی شاندەکانی ئەمریکا پەیوەندییە گرژەکەیان خاوکردەوەو رایانگەیاند، پێکەوە کێشەکان چارەسەردەکەن، بەڵام هاتنەوە سەرخەتی کونسوڵخانە و نوێنەری زیاتر لە 10 وڵات رەنگە ئاماژەبن بۆ چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان.
هەرچەندە لە راگەیەندراوی دوای کۆبوونەوەکانی پارتی و یەكێتی وادەردەکەوێت، پەیوەندییەکانیان ئاسایی بووبێتەوە، بەڵام هێشتا تەموومژی نێوانیان ماوە، ئەوەی گۆڕاوە لێدوانە دژ بەیەکەکانیانە.
تازەترین جوڵەی هەردووکیان کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی پارتی و یەكێتی بوو لە سلێمانی، پاش کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، ئەگەر بەوردی نوسراوی راگەیەندراوەکە بخوێندرێتەوە پێدەچێت هەردوولا کۆکنەبووبن لەسەر شێوازی ناوهێنانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، بۆیە بە دووجۆر نووسیویانە، لەسەرەتادا نوسراوە کاک مەسعود بارزانی و لە بەشی خوارەوەشدا نوسراوە سەرۆک بارزانی، دەربڕینی یەکەم یەکێتی بەکاری دەهێنێ و دەربڕینی دووەمیش پارتی.
ناوەرۆکی بەیاننامەکە بێ ئەوەی بچێتە وەردەکارییەوە باسکردنە لە هەنگاونان بۆ چارەسەکردنی کێشەکانیان وهەردوولا دەستپێشخەرییەکەی بارزانی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان بەرزدەنرخێنن و دەشڵێن، بەپەرۆشن بۆئەوەی هەڵبژاردن لەمساڵدا ئەنجامبدرێت.
دوای کۆبوونەوەکەش، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەچەند میدیایەکی راگەیاند، هێشتا لەسەر هەڵبژاردن کێشە هەیە.
ئەم لێدوانەی بافڵ تاڵەبانی لەکاتێکدایە لایەنەکان کەمتر لە 72 کاتژمێریان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی رێکبکەون وهەڵبژاردن لە 18/11ی ئەمساڵدا بکرێت.
هەرچەندە بارزانی 4 رۆژ لەمەوبەر لەبەردەم نوێنەری وڵاتانی دەرەوە داوای لە لایەنەکان کرد تا 18ی ئەم مانگە کۆببنەوە.
پەیامەکەی بارزانی بۆ ئەوەبوو پێش کۆتایی هاتنی ئەو شەش مانگەی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکان پێویستیەتی حزبەکان لە کۆبوونەوەیەکدا رێکبکەون.
لەئەگەری جێبەجێنەکردنی پەیامەکەیدا، هەمان رۆژ بارزانی بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ رووی لە حزبەکەی و یەکێتی کرد و گوتی با عیبرەت لە راپەڕین وەربگرین.
هەرچەندە دەبوو لە مانگی 10ی ساڵی رابردوودا هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام دواخستنی بۆ جاری دووەم مەترسییەکی جدی دروستکردووە و زۆرینەی بۆچوونەکان بە گومانەوە دەڕوانن و پێیان وایە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەم ساڵدا ناکرێ، تەنانەت دوو هەفتە لەمەوبەر کۆمەڵی دادگەری بە ئاشکرا رایگەیاند هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەدرێت.
رەنگە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و گفتوگۆکانیان نوێنەری وڵاتانیان گەیاندبێتە ئەو بڕوایەی کە هەڵبژاردن دوادەخرێت، ئەگەر نا راگەیەندراوێکی هاوبەشی سیازدە وڵات لەخۆرانییە.
دوای کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی کە هیچ ئاماژەیەکی بۆ رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنەکان تێدانەبوو، 13 کونسوڵخانە و نوێنەرایەتى وڵاتان لە هەرێم داوا دەکەن “هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەبێ دواخستن ئەنجام بدرێت”
کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکان بریتین لە: ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەکێتى ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا رۆمانیا.
ئەمانە کە لە نێویاندا، ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیای زلهێز هەیە داوا لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دەکەن کە هەموو هەنگاوێک بنێن تا هەڵبژاردن بێ دواخستنی زیاتر ئەنجام بدرێت.
ئەم وڵاتانە جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەنەوە
بۆ هەڵبژاردنەکەی مانگی 11ی ئەمساڵ، چاوەکان لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستانە، بەڵام کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی ماوەکەى کۆتاییهاتووە و هێشتا پەرلەمانی کوردستان کارای نەکردووەتەوە، پێشتر کۆمسیۆن رایگەیاندبوو بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن شەش مانگیان پێویستە، پێنجشەممەى داهاتوو 18ى ئایار رێک شەش مانگەکە کۆتایی دێت و ماوەی پێویست لەبەردەم کۆمسیۆن نامێنێت.
هەرچەندە بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی کوردستان دەست بە کۆبوونەوەکانی خۆی بکاتە، بەڵام بە هیچ جۆرێک لەبەرنامەی کاری دانیشتنەکەی سبەینێدا باس لە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن نەکراوە، بەڵکو دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
کێشەی سەرەکی پارتی و یەکێتی تەنها بەکاراکردنەوەی کۆمسیۆن کۆتایی نایەت، بەڵکو لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکەش کێشەی دیکەیان هەیە.
پێشتر هەردوو دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى و یەکێتى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی هەڵبژاردن چەندین کۆبوونەوەیانکردوە و رێکنەکەوتوون.
یەک لە دیارترین ناکۆکییەکان پرسی کورسى پێکهاتەکانە، کە 11 کورسییە و داواى رێکخستنەوەى دەکرێت.
لەمبارەیەوە یەکێتی پێشنیازی کردووە هەڵبژاردنەکە فرە بازنە بێت و لەو 11 کورسییە 4 کورسییان بکەوێتە سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانییەوە، بەڵام تا ئێستا ئەم پێشنیازە لەلایەن پارتی و پێکهاتەکانەوە پەسەندنەکراوە و رەتدەکرێتەوە.
کێشەیەکی دیکەش هەیە کە دەبێت لەگەڵ کاراکردنەوەى کۆمسیۆن یەکلای بکرێتەوە ئەویش ئەنجومەنى کۆمسیارانە کە هشێتا دوو کورسی بەتاڵە و پڕنەکراوەتەوە، بۆ ئەو دوو پۆستە زیاتر لە 80 سیڤى نێدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان متمانە بە کەسى تازە نەداوە بۆ ئەنجوومەنەکە.