هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی لاوان بەرەو ئەرجەنتین بەڕێکەوت و 5 یاریزانی کوردیش لە پێکهاتەکەدا یارییدەکەن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێت “بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی فرۆکەخانەی بەغداوە، شاندی هەڵبژاردەی لاوان بەرەو بوێنۆس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین بەڕێکەوت، بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی خوار 20 ساڵان، کە یارییەکانی لە رۆژی 20ـی ئەم مانگە دەستپێدەکەن.”
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، 5 یاریزانی کورد بانگهێشتکراون کە ئەوانیش، عەبدولقادر ئەیووب لە یانەی هەولێر، عومران زەکی لە یانەی زاخۆ، ئاڵای فازڵ لە یانەی یۆتۆبۆریی سویدی، رۆمان یادگای دۆلاشی لە یانەی بۆنێر ئێ سیی ئەڵمانی، یوسف ئەمین لە یانەی فاینۆردی هۆڵەندی.
بەر لە بەڕێکەوتنی شاندی هەڵبژاردەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق وەک پاڵپشتییەک بۆ یاریزانەکان، سەرجەم پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی خەڵاتکرد و بڕی 15 ملیۆن دیناری وەک دیاری دایە هەر یاریزانێکی هەڵبژاردەکە.
یارییەکانی مoندیالی لاوان 20ی ئەم مانگە دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی پێنجەمە، یەکەم یاریی لە 23-5 بەرامبەر ئۆرۆگوایە، دوای ئەوە لە 26ـی مانگ رووبەڕووی تونس دەبێتەوە و دوایین یارییشی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە 28-5 دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.